بەڕێوەچوونی خولێکی زمانی کوردی لە شاری سەوڵاوا

14:14 - 25 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە شاری سەوڵاوا سەر بە شاری سنە، خۆلێکی زمانی کوردی و فێربوونی دەف و سێ تار، بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، لە دێهیاری سەوڵاوای شاری سنە، خولێکی زمانی کوردی و فێرکردنی دەف و سێ تار، بۆ فێرخوازانی زمان و هونەری کوردی بە ڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، کە ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی فەرهەنگیی شاری سنە و هاووڵاتییانی خەڵکی شاری سەوڵاوا، بەشداربوون و لەوحی کۆتایی خولی زمانی کوردی و دەف و سێ تار بەخشرایە فێرخوازان.

لە بەشێکی ئەو ڕێورەسمەدا، گرووپی دەف و سێ‌تار، بە لێدانی دەف و سێ‌تار و زەرب، ڕازینەرەوەیی ئەو ڕێورەسمە بوون.

هەروەها کچانی بەشداری ئەو خولەی زمانی کوردی، چەند سروودێکیان پێشکەش بە بەشدارانی ئەو خولە فێرکارییە کرد.

لە لایەکی دیکەوە، بەهار شادمانفەر، ١٠٠ کتێبی منداڵان، کە بە زمانی کوردی نووسراو بوون، بە سەر منداڵاندا دابەش کرد.

ئەرکی ئەو خولە فێرکارییەی زمانی کوردییە لە سەر ئەستۆی \"زۆهرە ستارە\" بووە و لەو پەیوەندییدا، چەند وتەیەکی سەبارەت بە زمانی دایکی پێشکەشی بەشدارانی ئەو ڕێوڕەسمە کرد.