بەڕێوەبەری گواستنەوە و هاتوچۆی لوڕستان داوای لێبووردنی لە کوردەکان کرد

20:48 - 15 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی گواستنەوە و هاتوچۆی پارێزگای لوڕستان، داوای لێبوردنی لە خەڵکی کوردستان کرد، بە بۆنەی دانانی بەنێرێک لە سەر دەرگای گواستنەوەی ئەو شارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕەزا عەبدی ئاماژەی بە دانانی بەنێرێک لە سەر دەرگای گواستنەوە و هاتوچۆی شاری خوڕەم ئاوا لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان کرد و ڕایگەیاند: دانانی ئەو بەنێرە لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن شیرکەتێکی تایبەتەوە بووە، کە دەستبەجێ لەگەڵ تاوانبارانی ئەو کارە هەڵسووکەوتی یاسایی کرا.

ناوبراو دەڵێت؛ ئەو شیرکەتە پەشیمانیی خۆیان لە دانانی ئەو بەنێرە دەربڕیوە و ئامانجیان بێڕێزی کردن بە جلوبەرگی کوردی نەبووە و داوای لێبوردنی لە هاووڵاتییانی کورد کردووە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی گواستنەوە و هاتوچۆ گوتی؛ هەموو ئەندامانی بنەماڵەکانمان لە شاری خوڕەم ئاوا و لوڕستان جلوبەرگی کوردی لەبەر دەکەین و شانازی بە جلوبەرگی کوردیش دەکەین.

عەبدی بە نوێنەرایەتی هەموو لوڕەکانی ئێران لەو کارە نابەجێ و نائەخلاقیە داوای لێبوردنی لە هەموو هاووڵاتییانی کورد کرد.

سەرەتای ئەم حەوتووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەک لە جلوبەرگی کوردی کە لە سەر دەرگای گواستنەوە و هاتوچۆی شاری لوڕستان هەڵواسرابوو بڵاو ببووەوە، کە لەسەری نووسراوە هاتنی هاووڵاتییان بە جلوبەرگی کوردییەوە قەدەغەیە.

ئەم کارەی شیرکەتی گواستنەوە و هاتوچۆی شاری لوڕستان، کاردانەوەی هاووڵاتییانی کورد و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ کەوتەوە.