بەڕێوەبەری کەناڵی "سەقز ڕووداو" لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵ سەبارەت بە کۆرۆنا، بانگهێشت کرا

12:58 - 17 رەشەمه 2719

"فەردین مستەفایی"، ئەندامی فیدارسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان و بەڕێوەبەری کەناڵی "سەقز ڕووداو"، لەلایەن پۆلیسی ئەمنییەتیی شاری سەقزەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە پاش بانگهێشتی تەلەفۆنی، لەسەر بڕیاری دادوەر، لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بەڕێوەبەری کەناڵی "سەقز ڕووداو" بە تاوانی بڵاوکردنەوەی  ئاماری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەقز، بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

فیدارسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: "لە ئەنجامی قەیرانی توندی بارودۆخی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەقز و بەرزبوونەوەی ئاماری قوربانییان و تووشبوون بەو نەخۆشییە، ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی چالاک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن پۆلیسی ئەمنییەتییەوە بانگهێشت و هۆشدارییان پێدراوە".

کەناڵە تێلگرامییەکانی سەقز، هەواڵی پەیوەندییدار بە گیانلەدەستدانی چەند هاووڵاتییەک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بڵاو کردبووەوە، هەروەها بەنیسبەت نالەباربوونی بارودۆخی ئەو شارە هۆشدارییان دابوو.