بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی \"بانە نیووز\" دەسبەسەر کرا

13:19 - 14 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی \"بانە نیووز\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار، \"شوجاع حوسێنزادە\" بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامی \"بانە نیووز\" لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: دەسبەسەر کردنی شوجاع حوسێنزادە، لە ئەنجامی سکاڵای شارەداری بانە ناوبراو دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، شوجاع حوسێنزادە لە کاناڵی تێلگرامی \"بانە نیووز\"، باسی تێکدانی شوێنی کاسبی کردنی هاووڵاتییەک بە ناوی پیرموراد و هەڵسووکەوتی نەشیاوی مەئموورانی شارەداریی لەگەڵ میوەفرۆشەکان کردووە و وتوویە: ئەم هەڵسووکەوتانە لە سەر بڕیاری شارەداری بانە بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ناوبراو هەتا ئێستە لە گرتووخانەی هێزە ئیتلاعاتییەکان دایە و داوای بڕی ٥٠٠ میلیۆن بارمتە \"وثیقە\" لێ دەکەن، بۆ ئەوەی ئازادی بکەن.