بەڕێوەبەرانی گرووپی مۆسیقای سەر شەقام لە ئیلام دەسبەسەر کران

13:40 - 17 پووشپەڕ 2720

هەواڵدەریی "رکنا" سەر بە حکوومەتی ئێران لە هەواڵێکدا، باسی لە دەسبەسەرکردنی بەڕێوەبەرانی گرووپی مۆسیقای سەرشەقام لە شاری ئیلام، کرد.

ئەو هەواڵدەرییە لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: "بەڕێوەبەرانی گرووپی مۆسیقای سەرشەقام بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی یاسا و ڕێسای فەرهەنگی و تەندروستی لە ئیلام دەسبەسەر کراون".

لەو پەیوەندییەدا، "ستادی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکێر"، وێڕای مەحکوومکردنی مۆسیقای سەرشەقام و هەڵپەڕکێی ئەو کچە هونەرمەندە، خوازیاری دەسبەسەرکردنی ئەو گرووپە بوو.

 لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: "حەرەکەتی ساختارشکێنانە و دوور لە بەهاکانی ئیسلام و ئینقلاب، کچێکی لاو لەگەڵ گرووپێکی مۆسیقای خۆجێیی، بێڕێزییان بە هاووڵاتییانی موئمێن و ویلایەتمەداری ئیلام کردووە".

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا، هاتووە: "لەو ڕاستایەدا و بە دوای چالاکبوونەوەی مۆسیقای خۆجێیی، بێڕێزی، هەڵپەڕکێ و هەروەها داخوازییە گشتییەکان و کەڵکەڵەی ئومەتی حیزبوڵڵا، ستادی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکێری ئیلام، وێڕای بەتوندی مەحکوومکردنی ئەو هەوڵە نەشیاو و ساختارشکێنە، داوا لە هێزە نیزامییەکان و دادستێنی ئەو پارێزگایە دەکەین کە لەگەڵ خەتاکاران کە بێڕێزی بە پیرۆزییەکان دەکەن، هەڵسوکەوتی توندیان هەبێت".

لەو پەیوەندییەدا، دادستانی ئیلام باسی لە دەسبەسەرکردنی بەڕێوەبەرانی کۆبوونەوەی بەبێ لە بەرچاوگرتنی مەودا دانانی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی ئیلام، لە شەقامی ٢٢ی بەهمەنی ئەو شارە کرد.

لەنێو دەسبەسەرکراوەکاندا، کچێک بەرچاو دەکەوێت.