بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لە شاری بۆکان پێشی پێ دەگیرێت

14:26 - 7 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئەماکنی شاری بۆکان بە مەبەستی رێگرتن لە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز، هەڕەشەی دەستبەسەر و زیندانی کردنی لە سەرجەم گروپە مۆسیقایی، هونەری و گۆرانیبێژانی ئەو شارە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرجەم گرووپە مۆسیقایی و هونەرییەکانی شاری بۆکان لەلایەن ئیدارەی ئەماکنی ئەو شارەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە لە بۆنە و رێوڕەسمەکانی نەورۆزی ساڵی ١٣٩٢دا بەشداری بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئیدارەی ئەماکن بە گۆرانیبێژ و گروپە مۆسقیایی و هونەرییەکانی شاری بۆکانی راگەیاندووە لە ئەگەری بەشداری کردن لە بۆنە و رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شار و گوندەکان، بەرەوڕووی دەستبەسەر کردن و زیندان دەبنەوە.

\"11263.jpg\"
ساڵی رابردوو چەندین گوندی دەوروبەری بۆکان وەک: قاراوا، عەمبار و گەردیگلان رێوڕەسمی نەورۆزیان بە ئامادە بوونی رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەری خۆیان بەڕێوە بردبوو.

هەروەها ساڵی رابردوو ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی چرای پیرانشاركە چەند رۆژ پێش سەری ساڵ ئامادەكارییان بۆ بەڕیوە چوونی جێژنی نەورۆز كردبوو، رۆژێک بەرلە بەڕیوە چوونی جێژنی نەورۆز له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئیتلاعات، ئینتزامی و سپا و هه‌نگی مه‌رزی هێرشیان کرایه‌ سه‌رو که‌ره‌سه‌کانی ده‌نگ و ره‌نگیان لێ زه‌وت کرد و هێندێک له‌ لاوانی ئەو شارەشیان دەستبەسەر کردبوو.