بەڕێوە چوونی دادگایی دوو زیندانی سیاسیی کورد وەدواخرا

20:48 - 24 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوە چوونی دادگایی دوو زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی سەقز بۆ ماوەی مانگێک وەدواخرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەڕێوە چوونی دادگایی \"هوشمەند عەلیپوور\"، خەڵکی شاری سەردەشت و \"محەممەد ئوستادقادر\"، خەڵکی شاری سەقز دوو زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی سەقز بۆ مانگێکی دیکە وەدواکەوت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە پێشتر بڵاو کرابووە بڕیار بوو یەکەمین دانیشتنی دادگایی ئەو دوو زیندانییە سیاسییه لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ لە دادگایی ئینقلابی سەقز بەڕێوە بچێت.

مستەفا عەلیپوور، باوکی هوشمەند عەلیپوور لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕاگەیاند: قۆناغەکانی دۆسیەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییه کۆتایی هاتووە و بەرپرسانی دادگایی ئینقلابی سەقز وتوویانە کە بە هۆی سیاسی بوونی دۆسیەکە دەبێ بەڕێوە چوونی دادگای ئەوان لە دادگایی ئینقلابی سنە بێت.

ناوبراو سەبارەت بە دۆخی ئەو دوو زیندانییە لە زیندانی سەقز نیگەرانی خۆی دەربڕی و گوتیشی کە ئەگەر دەرچوونی سزایی قورس بۆ ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لە ئارا دایە.

هەنووکە \"عەلی ساکنی\" پارێزەری کوردی خەڵکی سەقز، پارێزەری ئەو دوو زیندانییە سیاسییەی لە ئەستۆ دایە.

ئەو دوو زیندانییە کوردە، ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"دەسبەسەر کران و پاش ١٠٨ ڕۆژ لە دوای دەستبەسەرکرانیان لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی شاری سەقز ڕاگوێزراون.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، لەو ماوەیدا بە ئامادەبوونی لێکۆڵەڕانی ئیتلاعات بە شێوەی جیاجیا لە ماوەی ڕۆژانی ٦و٧ی خەزەڵوەر، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکەیان کردووە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران گەلاوێژی ئەمساڵ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کوردی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاندووە: \"یەکێک لە گرووپە تێرۆریستەکان لە هەوڵێکی نەزۆکدا، بە نارنجەک هێرشیان کردووەتە سەر پولیسی ئاگاهیی شاری سەقز، بەڵام ئەو هێزە حکوومەتییانە هیچ زیانێکیان بەر نەکەوتووە\".