بەڕیوەچوونی کۆڕیادی بیرئانینی مامۆستا قالەمەڕە لە شاری بۆکان+ وێنە

20:37 - 2 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڕی فەرهەنگی و فێرکاریی ئەدەب لە شاری بۆکان بە بەشداری هونەرمەندان، شاعیران، نووسەران و چالاکانی بواری ئەدەب و هونەری کوردی چوارەمین ساڵیادی کۆچی قالەمەڕەیان بەرز راگرت.

مستەفا ئیلخانی زادە بەرپرسی کۆڕی فەرهەنگی و فێرکاریی ئەدەب لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کۆڕی فەهەنگی و فێرکاریی ئەدەب بەمەبەستی زیاتر ناساندنی مامۆستا قالەمەڕە و مووسیقای ڕەسەنی کوردستان بە نەوەی نوێ و هەروەها ئاشنابوون بە داهێنانە هونەرییەکانی و پێگەی هونەری مامۆستا لە دنیای مووسیقادا و جوانی ناسی و هونەر لە هەمبەر بەرهەمەکانیدا و کاریگەری و دەوری ئەو هونەرمەندە لە ناساندنی موسیقای ڕەسەنی کوردیدا، ئەو کۆرەیادەی بەڕێوە برد.

\"12863.jpg\"

ئیلخانەی زادە ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە لە بواری ناساندن و شی کردنەوەی شوێنەوار و کتێب و ئاسەوارەکانی شاعیران و نووسەرانی کورد هەوڵ بدەین، بۆیە بە پێی توانا و ئیمکان کۆڕیادی بیر ئانین، رێز گرتن بۆ سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان بەڕێوە دەبەین.

هەرلەو پەیوەندییەدا رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١ی بانەمەڕ لە چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا قالەمەڕەدا، بنەکەی فەرهەنگی و فێرکاریی ئەدەب لە شاری بۆکان رێوڕەسـێکی تایبەتییان بۆ یادی ئەو هونەرمەندە کوردە بەڕێوە برد.

سەرەتای ئەو کۆڕە خولەکێک بێ دەنگێ بۆ ڕۆحی پاکی مامۆستا قالەمەڕە و سەرجەم هونەرمەندانی کۆچ کردووی کوردستان راگەیەندرا و دواتریش سەید یاسین قوڕەیشی یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆڕە، ژیاننامەی قالەمەڕەی بۆ ئامادەبوان خوێندەوە.

\"12864.jpg\"

پاشان وتاری \"قالەمەڕە دەنگی هەرمانی کوردستان\" لە لایەن مەنووچێهر جیهانی \"ڕۆژنامەنووس\"ەوە و دواتریش مۆسیقای \"لەنجەولار\" بەرهەمی مامۆستا قالەمەڕە پێشکەش کرا.

وتاری سەید تاهیر حوسێنی هونەرمەندی کورد لەلایەن \"چنوور فەتحی\"یەوە خوێندرایەوە و پاشانیش پارچە مووسیقایەکی شمشاڵ لە لایەن کاوە داوەری شمشاڵ ژەنی خەڵکی شاری مەریوانەوە پێشکەش بە بەشدارانی کۆڕەکە کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو کۆڕەدا \"خالید عسکەری\" چیرۆکنووسی کورد لەبارەی شمشاڵی قالەمەڕە و هەروەها \"محەممەدسەعید نەجاڕی\" (ئاسۆ) شاعیری بەناوبانگ و خالید عینایەتی شاعیر و شمشاڵ ژەن، وتاریان خوێندەوە.

\"12859.jpg\"

دواتر شێعری \"ئامینەخانم چاک\" لەلایەن \"هاجەر ساڵحی‌ڕاد\"ەوە خوێندرایەوە و لە بڕگەکانی دیکەی ئەو کۆڕیادەدا چەندین پارچە مۆسیقای شمشاڵ و نایە وهەروەها گۆرانی، شێعر و پەخشان پێشکەش کران.

قادر عەبدوڵڵا زادە ناسراو بە \"قالە مەڕە\" ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی لە گوندی \"کولیجە\"ی سەربە شاری بۆکان لە دایک بووە، ناوبراو یەکێک لە ژەنیارە بەناوبانگەکانی ئامێری شمشاڵ بوو کە لە ٢٠ وڵاتی جۆراوجۆری جیهان لەفستیڤاڵ و کۆنسێرتەکاندا بەشداری کردووە.

ئەو هونەرمەندە کوردە ساڵانە لە کۆڕیادی کیمیابارانی سەردەشت، بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجە، ئەنفالی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بەشداری دەکرد.

قاڵەمەڕە زۆر ئۆگری شمشاڵەکەی خۆی بوو ، ئەو هونەمدە کوردە وەسیەتی کردبوو کە پاش مەرگی خۆی شمشاڵەکەی ببرێتە مۆزەخانەی شاری هەولێر، چونکە بە وتەی خۆی ئەو شمشاڵە کە ٣٠ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ \"بزن\"ێک ئاڵوگۆڕی پێ کردبوو، لە پێشینیانی کوردەوە بۆی بە میرات ماوەتەوە و بەدەستی گەیشتووە و مێژووەکەی بۆ ١٥٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەرێتەوە.

\"12858.jpg\"
قالەمەڕە وەک خۆی باسی کردووە بۆ فێر بوونی ژەنینی ئامێری شمشاڵ لەلای هیچ مامۆستایەک راهێنانی پێ نەکراوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی زەمەن تواناییەکی بێ وێنەی لە بواری شمشاڵ ژەنیندا بەدەست هێناوە.

ناوبراو ساڵی ١٩٩٣ خەڵاتی باشترین ژەنیاری ئامێری \" شمشاڵ\"ی لە وڵاتی ئاڵمانی پێ بەخشرا و ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری سلێمانی خەڵاتی تایبەتیی ئەنفال \"پیرە مێرد\" بەهۆی تەمەنێک چالاکی نواندن لە بواری هونەریدا، پێشکەش کرا.
هەروەها ٢٠٠٣ خەڵكی شاری بۆکان بە نیشانەی رێز گرتن لە هونەری مامۆستا قالەمەڕە، خەڵاتێکیان پێشکەش بە ناوبراو کرد.

هونەرمەند قالەمەڕە ٣١ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٨ بەهۆی جەڵتەی مێشک لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کەژاوەی ژیانی بەرەو نەمان رۆی و لە ئامێزی ناڵەشکێنە و لە تەنیشت هونەرمەند حەسەن زیرەک بۆ هەتاهەتایە ئارامی گرت.
\"12862.jpg\"

\"12865.jpg\"

\"12861.jpg\"

\"12857.jpg\"