بەپێچەوانەی بەڵێنییەکانی رۆحانی، فشار بۆ سەر هاووڵاتییان بەردەوامە

22:18 - 27 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی لەمەڕ خولقاندنی دۆخێک بۆ کەڵک وەرگرتنی هاووڵاتییان لە تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنەکانی سەردەم، هەتا ئێستاش هێزە نیزامییەکان ماهوارەی هاوڵاتییان کۆ دەکەنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی رابردوودا پاسگای گوندی ناچیت لە نزیک شاری بۆکان، دەستیان بە کۆکردنەوەی دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانی گوندەکانی ناچیت و وشتەپەی سەربەو شارە کردووە.

بەگوتەی هاووڵاتیان، هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای گوندی گوندی ناچێت، وێڕای بێحورمەتی کردن بە دانیشتوانی ئەو دوو گوندە، بەبێ هەبوونی مۆڵەت بە دیواری ماڵاندا هەڵدەگەڕێن و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییان لەگەڵ خۆیاندا دەبن.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ مەئموورانی هێزی ئینتزامی هەڕەشەیان کردووە، هەر کەسێک بەرنگاریان ببێتەوە، بەرەوڕووی دەستبەسەری و زیندانی کران دەبێتەوە.

ئەو شایەتحاڵە گوتیشی؛ چوونی بەردەوامی هێزە ئینتزامییەکان بۆ گوندی وشتەپە ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا تێکهەڵچوون لە نێوان هاووڵاتییانی گوندی وشتەپە و هێزە ئینتزامییەکاندا هاتە ئاراوە.

دەستبەسەردا گرتنی دیش و دەزگای ماهوارەی هاووڵاتییان لە کاتێکدایە،  کە حەسەن رۆحانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا باسی لەوە کردبوو، \"پێویستە دۆخێک بخولقێت کە هاووڵاتییان بە شێوەی یەکسان کەڵک لە تەکنۆلۆژی و پێشکەوتنەکانی سەردەم و کرانەوەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وەربگرن\".

سەرەڕای هەموو ئەو بەڵێنییانەی حەسەن رۆحانی لەمەڕ کرانەوەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتی ئێران، رەوتی فشار و دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی و لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی ئەحمەدی‌نژاد هیچ گۆرانێکی بە خۆیەوە نەبینیوە.