بەهێزترین پیاوی جیهان میداڵە زێڕەكەی پێشكەش بە كۆبانی كرد

13:11 - 3 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: سیامەند رەحمان وەرزشكاری هەڵگرتنی قورسایی توانی بە بەرزکردنەوەی وەزنەیەكی ٢٩٢ كیلۆیی، بۆ جاری سێیەم ژومارەی پێوانەیی تۆمار بکات و خەڵاتەكەشی پێشكەش بە خەڵكی كۆبانی كردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رەكابەرییەكانی هەڵگرتنی قورسایی پارائاسیایی لە کۆرەی باشوور بەڕێوە چووە و تێیدا وەزنەبەردارێكی كوردی خەڵكی شاری شنۆ توانیویەتی لەكێشی سەرووی ١٠٧ كیلۆدا میداڵی زێڕی ئەو رەكابەرییانە بەدەست بێنێت.

سیامەند رەحمان وەرزشكاری كەمئەندامی كورد توانیویەتی یەكەمجار وەزنەی ٢٧٢ كیلۆ، جاری دووهەم وەزنەی ٢٨٧ كیلۆ، جاری سێهەم ٢٩٠ و سەرەئەنجام وەزنەی ٢٩٢ كیلۆ بەرز بكاتەوە.

ئەو وەرزشكارە كوردە پێشتریش لە ركابەرییەكانی پارائۆلەمپیكی لەندەن و ركابەرییەكانی هەڵگرتنی قورسایی لەئێران بە هەڵگرتنی قورسایی٢٨٠ و ٢٨١ كیلۆیی پلەی یەكەمی جیهان بە دەست بێنێت.

ئەو هاووڵاتییە كوردە میداڵە زێڕەكەی (لەندەن) پێشكەش بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات كە رێكەوتی ٢١ی گەلاوێژی ١٣٩١ رووی دا، كردبوو.

سیامەند رەحمان لە دووەمین خولی ركابەرییەكانی \"پارائاسیایی\" رێكۆردی جیهانی بە هەڵگرتنی وەزنەی ٢٩٢ كیلۆیی شكاندووە و ئەو میداڵەی كە بەدەستیشی هێناوە پێشكەش بە خەڵكی كۆبانی كردووە.

ئەو وەرزشكارە كوردە رایگەیاندووە، \" میداڵەكەم پێشكەش بە خەڵكی كۆبانی كە لەدۆخێكی زۆر خراب و ناجیگیردان دەكەم و هیوادارم ئاسایشی و هێمنی بۆ شارەكە بگەڕێتەوە.

سیامەند رەحمان ساڵی ١٣٦٧ لەشاری شنۆی سەربە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەدایک بووە و ساڵی ١٣٨٧ بۆ یەكەمین جار بانگهێشتی تیمی وەزنەبەرداری كەمئەندامانی ئێران كراوە.