بەهۆی کەرەستە تەقەمەنییەکان لە کرماشان دوو منداڵ بریندار بوون

11:23 - 23 رەشەمه 2719

جێگری کۆمەڵایەتیی فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: "کەڵکوەرگرتن لە کەرەستە تەقەمەنییەکان بوو بەهۆی برینداربوونی دوو منداڵی ٥ و ١٢ ساڵە".

"محەممەد ڕەزا ئاموویی"، ڕایگەیاند: "شەوی ڕابردوو (پێنجشەممە)، بەهۆی تەقینەوەی کەرەستە تەقەمەنییەکان لە شارەکی بەسیجی کرماشان، دوو منداڵ بریندار بوون".

بە وتەی ئەو فەرماندە نیزامییە، لەو ڕووداوەدا، ئەو دوو منداڵە هەر دوو دەستیان بریندار بووە، هەروەها یەکێک لەو منداڵانە لاقی بریندار بووە".

جێگری کۆمەڵایەتیی هێزە ئینتزامییەکانی کرماشان باسی لە گواستنەوەی ئەو دوو منداڵە بۆ نەخۆشخانە کرد و باری تەندروستییانی باش ڕاگەیاند. هەروەها هەڕەشەی لەو کەسانە کرد کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی کەرەستە تەقەمەنییەکان دەدەن و وتیشی، بەپێی یاسا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت و ڕادەستی ناوەندە پەیوەندییدارەکان دەدرێن".