بەهۆی ڕەوانەنەکردنی ئامبوڵانس لە فەورییەتییە پزیشکییەکانی بیجار، هاووڵاتییەک گیانی لەدەست دا

11:36 - 27 بانەمەڕ 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی تەمەن ٦٤ ساڵ بە ناوی "ئەحمەد قائیمی" خەڵکی شاری بیجار، کە تووشی نەخۆشیی دڵ ببوو، بەهۆی کەمتەرخەمی لە ڕەوانەکردنی ئامبوڵامس بۆ ئەو هاووڵاتییە، گیانی لەدەست دا.

ئەحمەد ڕەزا کوڕی ئەو هاووڵاتییە لە وتووژێک لەگەڵ هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان ڕایگەیاند: "باوکم کە نەخۆشیی دڵی هەبوو، بەهۆی ڕەوانەنەکردنی ئامبوڵانس لەلایەن ناوەندی فەورییەتییە پزیشكییەکانی بیجاڕ، ناچار بووین خۆمان بە ماشینی کەسی باوکم ببەینە نەخۆشخانە".

 ئەو هاووڵاتییە هەروەها وتوویەتی: "ناوەندی فەورییەتییە پزیشکییەکان تەنیا چوار خولەک لە ماڵی ئێمە دوورە و پاش نیو کاتژمێر چاوەڕەوانی لە نەهاتنی ئامبوڵانس و بردنی باوکم بە ماشینی کەسی بۆ نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن، پەرستارێک پێی وتم، تەختمان بۆ ڕاگواستنی باوکت نییە، خۆت لە کۆڵی بکە و بیهێنە".

ئەو هاووڵاتییە هەروەها زیادی کردووە: "بەهۆی نەبوونی ئیمکانات و کەرەستەی پزیشکی، باوکم گیانی لەدەست دا، ئەگەر لە کاتی خۆیدا فەورییەتییە پزیشكیەکان ئامادە ببوایەتن باوکم لە مردن ڕزگاری دەبوو. ئێمە  لە ڕێگای یاساییەوە سکاڵای خۆمان تۆمار دەکەین".