بەهۆی دەستڕێژی هێزە نیزامییەكان دوو هاووڵاتیی كورد بریندار كران

04:00 - 26 رەزبەر 2711
كوردپا: هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سەردەشت تەقەیان لە كۆمەڵێك كوڵبەری كورد كردووە و لە ئەنجامدا دوو كەس بریندار كراون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا: دوو كەس بە ناوەكانی محەممەد و حوسێن شەهرامی لە گوندی \"كانی رەش\"ی سەردەشت لە ئەنجامی دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكان بە توندی بریندار بوون.
هەتا گەیشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەك لە بارودۆخی ئەو دوو هاووڵاتیە لەبەر دەستدا نیە.
هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سەردەشت سەرەڕای بریندار كردنی ئەو دوو كوڵبەرە دەستیان بەسەر چەندین ئەسبی بارهەڵگردا گرتووە.
لە سەرەتای ساڵی 1390ەوە هەتا ئێستا لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان لە ئەنجامی دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی ئێران بۆ سەر كۆڵبەرانی كورد 49 كەس كوژراون و 34 كەسی دیكەش بریندار بوون.