بەهۆی دوورخستنەوەی مامۆستایەکی ئایینی لە بۆکان، گوندێک بێ مامۆستایە

10:47 - 22 رێبەندان 2719

هێزە ئیتلاعاتییەکان بە دوورخستنەوەی مامۆستایەکی ئایینی لە سەر کارەکەی لە گوندی "ناچیت"، هەنووکە ئەو گوندە بێ مامۆستایە و ئەمەش ناڕەزایەتی دانیشتوانی ئەو گوندی لێکەوتووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "ماوەی سێ حەوتوویە کە گوندی ناچیت بەڕەوڕووی بێ مامۆستایەتی بووەتەوە و هێزە ئیتلاعاتییەکان ئیزنیان نەداوە مامۆستایەکی دیکە پێشنوێژی مزگەوتی جامیعەی ئەو گوندە بکات".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ئیزنی بە هەیئەت ئومەنای مزگەوتی جامیعەی ئەو گوندە نەداوە هەتا مامۆستایەکی دیکە بۆ خۆیان دیاری بکەن و پێشنوێژیان بۆ بکات".

ئەو سەرچاوەی کوردپا هەروەها دەڵێت: "هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هەیئەت ئومەنای ئەو مزگەوتەیان ڕاگەیاندووە دەبێت مامۆستایەک بێت کە لە ژێر چاوەدێری ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا، بێت و ئەمەش ناڕەزایەتی خەڵکی گوندی ناچیتی لێکەوتووەتەوە".

پێشتر،مامۆستا "محەممەد خزرنژاد"، مامۆستای ئایینی لە گوندی "کۆسە"ی شاری بۆکان  کە خەریکی وانەوتنەوەی زانستی ئایینی بوو، لە ژێر گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بەناچاری ئەو گوندەی بە جێهێشت و لە گوندی "ناچیت" نیشتەجێ بوو.