بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان چوار کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود بریندار کران

10:33 - 1 رەزبەر 2720

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە سنووری نەوسوود کرد کە بوو بەهۆی برینداربوونی چوار کۆڵبەر.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی سێ کەس لەو چوار کۆڵبەرە بریندارەی بە ناوەکانی "هیدایەت خودادادی، نامدار و ئایەت خودادادی" خەڵکی شاری سەلاسی‌ باوەجانی ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەی کوردپا، کۆڵبەرانی بریندار بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی پاوە کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "هیدایەت لەو ڕووداوەدا لاقی بەر گوللـەی هێزە نیزامییەکان کەوتووە و بەسەختی بریندار بووە".

ئەو ژمارە لە کۆڵبەران بەبێ ئاگاداریی پێشوو لەلایەن ‌هێزە نیزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە.