بەهۆی تەقینەوەی مین لە سەردەشت دوو سەر مانگا لەنێو چوون

15:59 - 18 سەرماوەز 2721

مینە کۆنەکراوەکانی شاری سەردەشت و گوندەکانی ئەو شارە، بوو بەهۆی لەنێوچوونی دوو سەر مانگا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەز، بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، لە گوندی "گروێسـ"ـی ناوچەی ئالانی سەردەشت، دوو سەر مانگای هاووڵاتییەک لەنێو چوون.

ئەو ڕووداوە لەنێو مەزرا و مووچەی هاووڵاتییەک لە ٥٠٠ میتریی گوندی "گروێس" تەقیبووەوە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابروودا هەتا ئێستا، ئەمە چوارەمین تەقینەوەی مینە کە لەو گوندە ڕووی داوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، پانتایی ناوچە ئالوودەبووەکانی شاری سەردەشت بە مین، نزیک بە هەزار و ٩٣٥ هێکتارە و شاری سەردەشت یەکێک لە شارە سنوورییەکانە کە لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق بە مین تەنراوە.