بەهۆی تەقینەوەی مین دوو سەرباز لە سەقز بریندار بوون

11:26 - 14 خاکەلێوه 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو سەربازی یەکێک لە پایگاکانی هەنگی سنووریی شاری سەقز، بەهۆی تەقینەوەی مین دەست و لاقیان بریندار بوو.

ئەو دوو سەربازە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی سەقز کراون و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

هەتا ئێستا میدیاکانی حکوومەت لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕووداوە خۆیان بواردووە و لە چۆنیەتیی ڕووداوەکە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

پارێزگاکانی ورمێ، سـنە، کرماشان و ئیلام زۆرترین ناوچە مینڕێژکراوەکانیان لەنێو پارێزگاکانی دیکەی ئێراندا هەیە و ساڵانە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی ئەو ناوچانە بەهۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق دەکوژرێن و بریندار دەبن.