بەهۆی بێ‌حورمەتی کران بە قورئان،١٦٠ زیندانی کورد و بەلووچ مانیان گرت

15:17 - 6 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: ١٦٠ زیندانیی مەزهەبیی کورد و بەلووچ، بۆ ماوەی ٣ رۆژ لە بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٠ی زیندانی رەجایی شاری کەرج مانیان گرت.

١٦٠ زیندانی مەزهەبی کورد و بەلووچ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بێ‌حورمەتی کردنی یگانی تایبەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە قورئان و کتێبە مەزهەبییەکانی ئەو زیندانییانە، لە رۆژی ٢٩ی رەشەمەوە بۆ ماوەی ٣ رۆژ مانیان گرت.

رۆژی ٢٨ی رەشەممە یەگانی تایبەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەکاتی پشکنینی کەلوپەلی شەخسیی زیندانیاندا، وێڕای بێ‌حورمەتی کردن بە زیندانیانی پەیڕەوی مەزهەبی سوننی، قورئان و کتێبە مەزهەبییەکانیان فڕێ داوەتە سەر زەوی و ئەو زیندانیانەش بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بەو کارەی یگانی تایبەت، بۆ ماوەی ٣ رۆژ مانیان گرتووە.

کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاندووە، کەسەرجەم ئەو کەسانە بە تاوانی چالاکی تەبلیغی – مەزهەبی و ئەندامەتی لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکاندا زیندانی کراون.

رێکەوتی ٧ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩١دا، ٦ زیندانی مەزهەبیی کوردی خەڵکی شاری سنە بەناوەکانی هوشیار محەممەدی تەمەن ٢٣ ساڵ، بەهران ئەحمەدی تەمەن ٢١ ساڵ، کەیوان زەند کەریمی تەمەن ٢٤ ساڵ، ئەسغەر رەحیمی تەمەن ٢٤ ساڵ، محەممەد زاهیر بەهمەنی تەمەن ٢٣ ساڵ و بێهنام رەحیمی تەمەن ٣١ ساڵ بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە دران.