بەهۆی بارینی بەفر ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی سنە و ورمێ داخران

10:38 - 15 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: بەهۆی بارینی بەفر لە شارەکانی سنە و ورمێ، بەشێک لە قوتابخانەکانی ئەو دوو شارە، داخران.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی بەفرانبار، ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی پارێزگای سنە، بەهۆی بارینی بەفر و ساردبوونی کەش‌وهەوا و سەهۆڵبەندانەوە، وەک قوتابخانەکانی سەرەتایی گوند و شارەکانی بیجار، سەقز، بانە و ناوچەی زیویە، شیفتی بەیانیان داخراوە.

هەروەها شیفتی سەرلەبەیانیانی قوتابخانەکانی سەرەتایی شاری حوسێن ئاوا و گوندەکانی داخراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند: "بەهۆی بارینی بەفر، شیفتی دوانیوەڕۆی ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی شارەکانی پیرانشار و نەغەدە، داخراوە".

هەروەها، تەواوی قۆتابخانەکانی ناوچەی سۆما و برادۆست و سیلوانا بەهۆی سەهۆڵبەندان و داخرانی ڕێگاکانەوە داخراوە.