بەهمەن قوبادی شانازیی سینەماکاری سەدەی ٢١ی پێشکەش بە سەربەخۆیی کوردستان کرد

22:28 - 11 گەلاوێژ 2717
\"ئاژانسی کوردپا: بەھمەن قوبادی، سینەماکاری کورد، شانازیی چوونە ناو ٢٥ دەرھێنەری بەرچاوی سەدەی ٢١ی لە جیهاندا پێشکەش بە سەربەخۆیی کوردستان کرد و ڕایگەیاند ئاواتم ئەوەیە کە بەناوی کوردستانەوە فیلمەکانمان لە ئۆسکار بەشداری بکەن.


بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەھمەن قوبادی، سینەماکاری ناوداری کورد، لە نمایشی یەکێک لە بەرھەمەکانی لە وڵاتی فەرانسە، شانازیی چوونە ناو ٢٥ دەرھێنەری بەرچاوی سەدەی ٢١ی جیھانی پێشکەش بە سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: \"ئەم فەخرە، وەک ڕۆڵەیەکی کورد بە من بەخشراوە، کە بە یەکێک لە ٢٥ دەرھێنەری بەرچاویی سەدەی ٢١ی جیھانی ھەڵبژێردراوم، پێشکەش بە نەتەوەیی مەزڵووم، ڕەنجکێشاو و خەباتکاری ھەرێمی کوردستان دەکەم، کە ئەمڕۆ بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفڕاندۆم ھەنگاو دەنێن و بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆن و ئەوە پێشکەش بەو جووڵە گرنگە دەکەم\".

قوبادی، باسی لەوە کرد کە \"حەزم دەکرد خۆزگە لە ناو لیستی ٢٥ دەرھێنەری بەرچاویی سەدەی ٢١ی جیھانی لە پێش ناوەکەم بنووسرایە، بەھمەن قوبادی لە کوردستان و منیش بەناوی کوردستان ئەو شانازییەم بەدەست بھێنایە، ئاواتم ئەوەیە کە بە زووترین کات ئەوە ڕوو بدات و بە ناوی کوردستانەوە فیلمەکانمان لە ئۆسکار بەشداریی بکات، نەک وەکو وڵاتێکی تورکیه، یا عێراق، یا ئێران و سووریه\".

\"بەهمەن قوبادی\" وەکوو ئەندامی کارا لە نێوان ئەم دەرهێنەرە ناودارانەی سینەمای جیهان پێگەی تایبەتی خۆی هەیە و هەروەها ناوی فیلمسازانی ناوداری دیکەش لەوانە\"ئالفۆنسۆ کوارۆن\" Alfonso Cuarón، \"ئەلێکساندێر پێین\" Alexander Payne، \"پۆل تۆماس ئاندێرسۆن\" Paul Thomas Anderson، \"برایانی داردێن\" Dardenne brothers، \"نووری بیلگە جەیلان\" Nuri Bilge Ceylanو ... بەرچاودەکەوێت.

بەهمەن قوبادی ده‌رهێنه‌ری كورد ھەفتەی ڕابردوو، لە نێو ٢٥ دەرهێنەری بەناوبانگی سەدەی ٢١ی جیهان، لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەمایی ڕێکخراویی گرینگی \"ڕۆتین تۆمەیتۆ\" دیاری کرا.