بەهمەن قوبادی شانازی بۆ سینەمای کوردی و نەتەوەی کوردستان تۆمار کرد

14:51 - 9 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەهمەن قوبادی سینماکاری کورد، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک‌ یه‌كێک له‌ باشترین ده‌رهێنه‌رانی سەدەی ٢١ی جیهان ده‌ستنیشان كرا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەهمەن قوبادی ده‌رهێنه‌ری كورد لە نێو ٢٥ دەرهێنەری بەناوبانگی سەدەی ٢١ی جیهان، لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەمایی ڕێکخراویی گرینگی \"ڕۆتین تۆمەیتۆ\" دیاری کرا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە دوای توێژینەوەیەکی درێژماوە و بە بڕوای کارناسان و ڕەخنەگرانی پرۆفێشناڵی سینەمایی و هەروەها بەپێی پێوانەی ڕەخنەکان و نووسراوەکان لەلایەن ڕێکخراوی گرینگی سینەمایی \"رۆتین تۆمەیتۆ\" (Rotten Tomatoe)و ماڵپەڕی گرینگی سینەمایی \"مێتاکریتیک\" (Metacritic)، ٢٥ دەرهێنەری بەرچاویی سەدەی ٢١ی جیهان ڕیزبەندی کران.

ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەریخستووە کە ئەم ڕیزبەندییە بەپێی فیلمسازانێک لە سەرتاسەری جیهان دەست نیشان کراوە کە لە سه‌ره‌تای ساڵی (٢٠٠٠) بەدواوە واته‌ لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوه‌ تا ئێستا، به‌لانیکەم چوار فیلمی سینەماییان سازکردبێت و بەم بەرهەمانە لە فیستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدارییان کردبێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، ڕێژەی ئەو فیلمسازانەی کە لەم بەشەدا جێ دەگرن زۆر لەم ڕێژەیە زیاترە کە بیری لێ ده‌كرێته‌وه‌.

لەم ڕیزبەندییەی دەرهێنەرە جیهانییەکاندا، ناوی \"بەهمەن قوبادی\" فیلمسازی ناوداری کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بە ناونیشانی یەکێک لە باشترین فیلمسازانی سەدەی ٢١ی دنیا دیاری کراوە و بە هۆگرانی سینەمای جیهان ناسێندراوە.

\"بەهمەن قوبادی\" وەکوو ئەندامی کارا لە نێوان ئەم دەرهێنەرە ناودارانەی سینەمای جیهان پێگەی تایبەتی خۆی هەیە و هەروەها ناوی فیلمسازانی ناوداری دیکەش لەوانە: (\"ئالفۆنسۆ کوارۆن\" Alfonso Cuarón، \"ئەلێکساندێر پێین\" Alexander Payne، \"پۆل تۆماس ئاندێرسۆن\" Paul Thomas Anderson، \"برایانی داردێن\" Dardenne brothers، \"نووری بیلگە جەیلان\" Nuri Bilge Ceylan و ... بەرچاودەکەوێت).

کارناسان و ڕەخنەگرانی پرۆفێشناڵی سینەمایی ڕێکخراوی گرینگی سینەمایی \"ڕۆتین تۆمەیتۆ\" لەم ڕاپرسییەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ فیلمە سینەماییەکانی \"کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان\" لە ساڵی ٢٠٠٠، \"گۆرانییەکانی وڵاتی دایکییم\" لە ساڵی ٢٠٠٢، \"کیسەڵەکانیش دەفڕن\" لە ساڵی ٢٠٠٤، \"نیوەی مانگ\" لە ساڵی ٢٠٠٦ و \"کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە\" لە ساڵی ٢٠٠٩ لە بەرهەمەکانی \"بەهمەن قوبادی\" کردووە.