بەهمەن قوبادی: سینەماکاران دەبێ بۆ دڵ و ناخی خۆیان فیلم سازبكەن

13:38 - 16 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: \"بەهمەن قوبادی\" لەمەڕ رۆڵی سینەما و ئەرکی سینەماکار و هەروەها رەمزی سەرکەوتنی خوێندکارانی بەشی سینەما لە زانکۆی سەلاحەدین کۆبوونەوەیەکی پێکهێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"بەهمەن قوبادی\" دەرهێنەری ناسراوی کورد لە کۆلیژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین و بە ئامادە بوونی کۆمەڵیک لە لێپرسراوانی زانکۆ و هەروەها مامۆستایانی بەشی سینەما، شانۆ لەگەڵ خوێندکاران و ئۆگرانی سینەمای کوردی کۆبۆوە.

ئەو دەرهێنەرە کوردە لەمەڕ خۆ ئامادە کردنی قوتابییان بۆ کاری دەرهێنەری رایگەیاند: ئەو کارە پێویستیی بە خوێندنەوە و بینینی بەردەوامی فیلم و هەروەها کەڵەکە کردنی ئەزموون هەیە و پێویستە بۆ شارەزا بوون لە بواری فیلم هەڵگرتنەوەشدا ئەو پەڕی شارەزاییتان هەبێت.

قوبادی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، خوێندکاران بۆ کاری دەرهێنەری نابێ چاوەڕوانی لایەن یان حکوومەت بن و تەنیا پشت بە هەوڵی خۆتان ببستن و بە هاوکاری یەکتر و لە کاری دەرهێنانی فیلمدا حکوومەتێک دروست بکەن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بە سینەمای وڵاتانی عەرەبی، تورکیە و ئێران کرد و رایگەیاند: سینەمای ئەو وڵاتانە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو بەهێز بوون دەڕوات، بۆیە ئەرکی ئێمەش ئەوە دەخوازێت کەلە بواری سینەمادا شان بە شانی ئەو ڵاتانە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین.

بەهمەن قوبادی رەمزی سەرکەوتنی خۆی لە کاری دەرهێنەریدا بەم شێوەیە باس کرد، من بۆ ساز کردنی فیلمی \"کاتێک بۆ مەستی ئەسپەکان\" چوومە ناو کەسایەتیی راستەقینەی فیلمەکانەوە و بەهەست کردن بە ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە توانرا سیمای راستەقینەی ژیانیان لە ناو فیلمەکاندا رەنگدانەوەی هەبێت، بۆیە لە ئاوەها حاڵەتێک دایە کە کاریگەری لە سەر تاکی بینەر دەبێت.

ئەو سینەماکارە کوردە بۆ هاوكاری كردنی قوتابیانی به‌شی سینه‌مای زانكۆی سه‌لاحه‌دین ئامێره‌ ته‌كنییه‌كانی فیلمی سینه‌مایی \"وه‌رزی كه‌رگه‌ده‌ن\" و هه‌روه‌ها به‌رهه‌می داهاتووی پێشكه‌ش به‌به‌شی سینه‌مای كۆلێژی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین كرد.