بەهائەدین مستەفانژاد پاش دەسبەسەرکرانی چارەنووسی ناڕوونە

11:28 - 8 خەزەڵوەر 2721

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بەهائەدین مستەفانژاد"، تەمەن ٣٠ ساڵ، کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی "بەرکەمران" سەر بە پیرانشار کە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرا و لەم ماوەیەدا، تەنیا چەند جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی کە ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە"، بێبەری کراوە.

ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ، بەهائەدین مستەفانژاد، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.