بەهائەدین مستەفانژاد بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

12:49 - 17 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی بانەمەڕ، زیندانییەکی سیاسی بە ناوی "بەهائەدین مستەفانژاد" تەمەن ٣٠ ساڵە کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی "بەرکەمرانـ"ـی شاری پیرانشار بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠، لەلایەن لقی ١ی دادگای نیزامیی ١ی ورمێ، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەری پێشووی مەحکووم و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابووە.

بەهائەدین مستەفانژاد ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

 ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزرابوو و لەم ماوەیەدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە"، بێبەری کرابوو و تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفوونیی ٥ی خولەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.