بەهاییە دەستبەسەر کراوەکان بۆ بەرگری لە خۆیان چوار خولەک دەرفەتیان پێ دراوە

21:03 - 23 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دادگای پێداچوونەوە بە تاوانەکانی ٢٤ شارۆمەندی بەهایی لە پارێزگای گوڵستان، لە یەکەم دانیشتنی خۆی لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ پووشپەردا، بە گشتی سزای ، ١٩٣ ساڵ زندانیانی بەسەر تۆمەتبارەکاندا سەپاند.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە چۆنیەتی پێکهێنان و دادپەروەر بوونی ئەم دادگایە نیگەرانن.

بە پێی هەواڵی ڕێکخراوی \"عدالت برای ایران\"، بە نووسراوێکی فەرمی بەم تۆمەتبارانە و هەروەها پارێزەرەکانیان ڕاگەیەندراوە کە لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ هەر تاوانبار تەنیا ٤ خولەک دیاری کراوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکات.

\"مەزدەک ئیعتمادزادە\"، پارێزەری پەروەندەی یەکێک لەم تۆمەتبارانە ڕایگەیاندووە کە؛ \"گرینگترین ڕەخنە لەسەر ئەم سزا دیاریکراوە بۆ تۆمەتبارەکان ئەوەیە کە؛ بانگهێشت کردن بۆ ئایینی بەهاییەت تاوان بە ئەژمار نایەت.\"

شەهنام جەزبانی و شەیدا قدووسی هەرکام بە ١١ سال زیندان، فەرەح تەبیانیان، پوونە سەنایی، مینوو ئەمری‌حەساری، بێهنام حەسەنی، پەریسا شەهیدی، موژدە زهووری و...هتد، هەرکام بە ٩ساڵ زیندان، ڕووفیا پاکزادان، سوودابە مەهدی نژاد، میترا نووری، شیوا ڕۆحانی و ...هتد، هەرکام ٦ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.

دادپەروەری بۆ ئێران ڕایگەیاندووە کە هەڵواسین، ڕاکێشان لەسەر زەوی، هەڕەشەی دەستدرێژی، لێکۆڵینەوەی شەوانەی ژنان و لێدان و...هتد، بەشێک لەو ئەشکەنجەکانە بوون کە لەمەڕ ئەم تۆمەتبارانە ئەنجام دراون.