بەنیشانەی پشتیوانی لەخەڵكی کۆبانی مانگرتن راگەیەندرا

15:04 - 13 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: دامەزرێنەرانی كەمپەینی \"کۆبانی بە تەنیا جێ‌ مەهێڵین\" بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەک، بە مەبەستی پشتیوانی لەخەڵكی کۆبانی، مانگرتنیان راگەیاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ١٤ كەسایەتیی ناسراوی كورد و ئێرانی بۆ وێنە نەسرین ستوودە، سیاوەش حەیاتی، ئیجلال قەوامی و فەریبورز رەئیس دانا بە مەبەستی هاودەردی و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی کۆبانی سێ‌ رۆژ مانگرتن لەخواردنیان راگەیاند.

لەنێوان ئەو كەسایەتییانەدا مافناس، چالاكی سیاسی، چالاكی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووس وەبەر چاو دەكەوێ‌ و لەرێكەوتی ١٤‌ی رەزبەرەوە دەست بە مانگرتنەكەیان دەكەن.

لەبەیاننامەی ژمارە ٣‌ی ئەو چالاكانەدا هاتووە، ئێمە واژۆكارانی ئەو بەیاننامەیە وێڕای مەحكووم كردنی جینایەتەكانی داعش لە کۆبانی، بەنیشانەی پشتیوانی لە خەڵکی ئەو شارە مان دەگرین.

\"22450.jpg\"
سێ‌ چالاكی فەرهەنگی کورد پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی كەسایەتییەكانی كورد و ئێرانی دەربڕیوە
ئەو كەمپەینە داوای لە كەسانی باوەڕمەند بە مافی مرۆڤ و ئازادی كردووە كە لەو پێوەندیەیدا هاوڕێیەتییان بكەن.

سێ‌ چالاكی فەرهەنگی دیكەی كوردیش بەناوەكانی حامید كۆنەپۆشی، بێهرووز چەمەن ئارا و فاتیح سەعیدی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا، پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی كەسایەتییەكانی كورد و ئێرانی دەربڕیوە.

كەمپەینی بەرگری لەخەڵكی کۆبانی، رێكەوتی ١١ی رەزبەر بە دەستپێشخەریی چالاكانی سیاسی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ چالاكییەكانی دەست پێكرد.

\"22447.jpg\"
ئامانجی كەمپەینەكە \" نارەزایەتی دەربڕین بە هێرشەكانی داعش\"، ئەنجامدانی چالاكیی مەدەنی و مرۆڤدۆستانە و خزمەتكردنی خەڵكی كۆبانی راگەیەندراوە.

نەسرین ستوودە، دكتور حەسێن ئەحمەدی نیاز، دكتور ئەسعەد ئەدەڵان، دكتور قوتبەدین سادقی، د. هێرمیداس باوەند، د. ئەدیب بڕوومەند، د. فەریبورز رەئیس دانا، د. رەحیم فەرهمەند، د. ئیسماعیل موفتی زادە، مەحموود مەحموودی، موهەندیس حامید فەرازی، ئیجلال ئەقوامی، سیاوەش حەیاتی و فەردین كەمانگەر لەو كەسانەن كە بڕیاری مانگرتنیان داوە.