بەندکراوانی زیندانی ورمێ لە تەلەفزیۆن و بڵاوکراوەکان بێبەرین

16:00 - 18 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی شاری ورمێ، کەشوهەوای نالەباریان بۆ زیندانییانی سیاسی لەو زیندانەدا پێک هێناوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییانی سیاسیی زیندانی شاری ورمێ، لە دەسپێڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی خۆشبژیوی بێبەرین و بارودۆخی بێهداشتی بەندی زیندانییانی سیاسی لەو بارەوە نالەبارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی شاری ورمێ، بەرپرسانی زیندان لە دابینکردنی شتومەکی بێهداشتی بۆ زیندانییانی سیاسی خو دەبوێرن و زیندانییانی سیاسی لەسەر تێچووی خۆیان شتومەکی بێهداشتی و خاوەێنکەرەوە بۆ خۆیان دابین دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بەندی زیندانییانی سیاسی لە دەستپێڕاگەیشتن بە تەلەفزیۆن و بڵاوکراوەکان بێبەرین و ئەم بێبەرییەش لەسەر بڕیاری بەرپرسانی زیندانی شاری ورمێ بووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: بەرپرسانی زیندانی شاری ورمێ، تەنانەت لەگەڵ کڕینی تەلەفزیۆن بە پارەی خودی زیندانییانیش دژایەتییان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات،کە لە ماوەی ڕابردوودا، گوشاری بەرپرسانی زیندانی شاری ورمێ بۆ سەر زیندانییانی سیاسی ڕووی لە زیادبوون کردووە.