بەندكراوی بەلووچ: تاقەتی ئەشكەنجەم نەما، بۆیە وتم ئێوە هەرچی بڵێن من قەبوولی دەكەم

19:31 - 9 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: بەهۆی دۆخی خراپ و هەڵسوكەوتی نامرۆڤانە لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی‏دا، زیندانییەكی سیاسیی بەلووچ سكاڵانامەیەكی بۆ بەرپرسانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نارد.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا ڕایگەیاند كە، \"وەحید هوود\" هاووڵاتیی بەلووچ لە نامەکەی خۆیدا كە لە گرتووخانە شاری زاهیدانەوە نووسیویەتی ڕایگەیاندووە كە، لێپێچەرانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات بە كابڵ و لە بەرانبەر ئەندامانی بنەماڵەكەیدا لێیانداوە.

ناوبراو لە نامەکەی خۆیدا وتوویەتی كە، دوای لێپرسینەوە سەرەكییەكانم، بە چاوی بەستراو منیان بردە ژووری تاكەكەسی و هەموو ڕۆژێك ئەشكەنجە دەكرام و لێیان دەدام، ئەشكەنجەی وەكوو جنێودان بە بنەماڵە، لێدان بە كابڵ، بێ‏خەوی، گرێدان بە تەختی ناسراو بە \"تەختی موعجیزە\" و جۆرەكانی دیكەی ئەشكەنجە.

ئەو گیراوە سیاسییە لە درێژەدا دەڵێ كە شەوانە نەیاندەهێشت بخەوم و منیان بە تەختی خەوەوە دەبەستەوە و بە زۆر و ناچاری پەنجەمیان لەسەر لاپەڕەكانی لێپێچینەوە دادەنا.

هەر بۆیە ناوبراو داوا لە كاربەدەستانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات كە بەدواداچوون بۆ دۆخی خراپ و نامرۆڤانەی ئەو گیراوە سیاسییە و هەروەها ئازادبوونی بكەن.

وەحید هوودی ٢٩ ساڵان، لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢، لە شاری چابەهاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ گرووپگەلی دژبەری نیزام دەستبەسەر كراوە.