بەمەبەستی پێشگری لەفەوتانی لێڕەوارەكانی زاگرۆس تۆوی بەڕوو چێندرا

21:27 - 25 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: لایەنگران و چالاكانی ژینگە پارێزی كوردستان لە جوانڕۆ بەمەبەستی پێشگری لە لەناوچوونی لێڕەوارەكان چالاكی چاندنی تۆوی داربەڕوویان ئەنجام دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەچەند رۆژی رابردوودا زنجیرە چالاكییەكی ژینگەپارێزی لەژێر ناوی \"چالش بەلووت\" لەشارستانی جوانڕۆ دەستی پێكردووە.

لەو چالاكییەدا هەر تاكێك بەچاندنی سێ‌دانە بەڕوو، سێ‌یان پێنج كەسی دیكەش لە هاوڕێیەكانی بانگهێشتی ئەو چالاكییە دەكات.

ئەنجومەنی سەوزی ماپرێس و ئیدارەی ژینگەپارێزی جۆانڕۆ بۆ ئەو مەبەستە كەمپەینێكیان وەرێ‌خستووە و هەتا ئێستا لەگەڵ پێشوازی گەرمی ژینگەپارێزەرانی كوردستان بەرەڕوو بۆتەوە.

دامەزرێنەرانی ئەو كەمپەینە ڕایان وایە پێویستە سەرجەم هاووڵاتیان بەتایبەت لاوەكان بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و پێشگری لەفەوتانی لێڕەوارەكان هەوڵەكانیان وەگەڕ بخەن.

دكتور محەممەد خانی، ئومید ئەحمەدیان ، قادری، رێبین نووری لە دامەزرێنەرانی كەمپەینی \" چالش بەلووت\"ن و داوایان لەهاووڵاتیانی مەریوان، مەهاباد، روانسەر و ... كردووە یارمەتیدەریان بن.

حەفتەی رابردوو نزیك بە ١٥٠٠ تۆوی بەڕوو و ١٠٠ بنەداری دیكە لەبەرزاییەكانی شاهۆ چاندراون.

لەشاری سنەش لایەنگرانی ژینگە بە چاندنی بنەدار پشتیوانی خۆیان لەو كەمپەینە دەربڕیوە.
\"23186.jpg\"

\"23187.jpg\"

\"23188.jpg\"

\"23189.jpg\"

\"23190.jpg\"

\"23191.jpg\"