بەلووچستان/ دەستبەسەر کردنی ١٢ مامۆستای سوننی مەزهەب لە سەرەتای ئەمساڵەوە

16:04 - 26 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: لەسەرەتای ئەمساڵەوە، ١٢ مامۆستای ئایینی و خوێندکاری سوننی مەزهەب، لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی هەشت مانگدا، واتە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، ١٢ مامۆستا و خوێندکاری ئایینیی سوننی مەزهەب، لە بەلووچستان دەستبەسەر کراون.

ئەو دەستبەسەرکراوانە لە چالاکانیی سوننی مەزهەبن و بەشێکیان لە کاتی دەستبەسەرکردنیانەوە هەتا ئێستا، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە، هەروەها هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنیان لە بەردەستدا نیە.

دەوترێ، ئیمکانی ئازاد کردنی دوو کەسیان بە ناوەکانی (مەولەوی عەبدولشکوور ناروئی و ئەحمەد ڕێگی )هەیە، بەلام هیچ لایەنێک ئەو هەواڵەی پشتڕاست نەکردوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بەرپرسانی حکوومەتیی ئەو پارێزگایە، لە دانی لێداوان و زانیاری سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی مامۆستایانی سوننی مەزهەب، خۆ دەبوێرن.