بەلاڕێدابردنی کۆڕ و کارگەی فێرکاریی ڕاگەیەندنەکان لە شاری سنەدا

14:45 - 9 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆڕ و کارگەی ڕاگەیەندنەکان، کە بۆ ڕۆژنامەنووس و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە شاری سنە تەرخان کرابوو، نوێنەری ڕێبەری نیزام لەو شارە، سپای پاسداران، بەسیج و ستادی ئەمر بە مەعروف و نەهی از مونکەر، لەو کۆڕەدا دەستیان بە قسەکردن کرد و کۆڕەکەیان بە لاڕێدا برد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕەشەمە، یەکەمین کۆڕ و کارگەی فێرکاریی، لە بواری خوێندنی میدیایی لە فەزای مەجازی سالم، بۆ ڕۆژنامەنووس و چالاکانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک خرابووە، بەڕێوە چوو و تێدا نوێنەری ڕێبەری نیزام، سپای پاسداران و ستادی \"امر بە معروف و نهی ازمنکر\"، دەستیان بە قسەکردن کرد و پرسی سەرەکیی ئەو کۆڕەیان بە لاڕێدا برد.

لەو کۆڕە یەک ڕۆژیەدا، تەنیا دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێران، ئیزنی قسەکردنیان پێ درا و پاش سێ کاتژمێر قسەکردن، دواجار ئیزن بە ڕۆژنامەنووس و چالاکانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درا، باسەکانی خۆیان پێشکەش بکەن.

هەرچەند لەو کۆڕەدا کە تەرخان کرابوو، بۆ کۆڕ و یەکەمین کارگەی فێرکاریی ڕاگەیەندنەکان، لە پانێلی تایبەت بە قسەی ڕۆژنامەوان و چالاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، زۆری بەشداربووانی ئەو کۆڕە، بە هۆی لێدوانەکانی بەرپرسانی حکوومەتی، ئەو کۆڕەیان بەجێ هێشت.

ستادی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر و سپای پاسداران، کە هیچ شارەزایی و وێکچوونێکیان لەگەڵ کاروباری میدیای و فەزای مەجازی نییە، ئەو کۆڕەیان بە لاڕێدا برد و سپای پاسداران لە کوردستان، لە هەوڵدایە شوێنگەی گەیاندنی زانیاری و ئاگایی بەڕووی خەڵک کوردستان و ڕۆژنامەوانان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابخات.