بەفر و بارانی پاییزی خەساری بەرچاوی بە وەرزێڕانی ناوچەی شنۆ گەیاند

14:50 - 4 خەزەڵوەر 2714
ئاژنسی كوردپا: بارینی بەفر و باران و هەستانی لافاو نزیک بە ١٣٥ میلیارد ریاڵ خەساری بە بەشی وەرزێڕیی بەتایبەت باخە سێوەكانی ناوچەی شنۆ گەیاندووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاتنی سەرمای لەناكاو و بارینی بەفر و بارانی پاییزی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و بەتایبەت شاری شنۆ، دەرفەتی بە وەرزێڕان نەدا كە بەرهەمەكانیان هەڵبگرنەوە و چەوەندەركاران و باغدارەكانی ناوچەی شنۆ تووشی خەسارێكی بەرچاو بوون.

بەوتەی بەرپرسی ئیدارەی وەرزێڕی شاری شنۆ، لە ئەنجامی بارینی تەرزە و بارانی بە خۆر دوازدە هەزار و ٥٠٠ تۆن سێو لە بەشی باكووری ئەو شارستانە لەناو چوون و لافاویش خەساری بە ٣٠٠ هێكتار بەرهەمی چەوەندەر گەیاندووە.

لەماوەی حەفتەی رابردوودا شەپۆلێكی بە تەوژمی بەفر و باران ناوچەی ئازەربایجانی رۆژئاوای گرتەوە و زۆربەی بەرزایەكانی سپی پۆش كرد.

شەوی رابردوو رێكەوتی ٣‌ی خەزەڵوەر بەفری پاییزی ناوچەی شنۆی گرتەوە و پلەكانی هەوا بەشێوەیەكی بەرچاو ( دوو پلە سەرووی سفر) دابەزی و سەرما و سۆڵ بە چەشنێك بوو كە فشاری گازی ماڵەكانیش بە دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو.

هەر لەئەنجامی ئەو بەفر و بارانە بارینە جادەكانی نێوان شنۆ ـ ورمێ‌، شنۆ ـ نەغەدە و شنۆ ـ پیرانشار هاتوچۆ تێیاندا ئەستەم بووە و لە هێندێ‌شوێنیش رێگەكان بە تەواوەتی گیراوە.

ئیدارەی كەشناسی ئوستان رایگەیاندووە، لە ئەمڕۆ دووشەممە رێكەوتی ٤‌ی خەزەڵوەرەوە بەفر و باران سەرجەم ناوچەكانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا هاوچەشنی شاری شنۆ دەگرێتەوە و ئەگەری هەستانی لافاو و بچڕانی گاز هەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا محەممەد ساڵح راوەندی بەرپرسی ئیدارەی كەشناسی شاری شنۆ بە هەواڵدەریی ئیرنای راگەیاندبوو، سەر لەبەیانی رۆژی شەممە رێكەوتی ٣‌ی خەزەڵوەر پلەی هەوا، ١٠ پلەی سەرووی سفر بوو و ئێوارەی هەمان رۆژ گەیشتە ٢ پلەی سەرووی سفر.

لەماوەی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا لەناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ ١٥ سانتی میتر بەفر باریوە و هەروەها رێژەی باران بارانیش گەیشتۆتە ٦٨ میلی میتر.

شارستانی شنۆ لە باشووری ئازەربایجانی رۆژئاوا و لەناوچەیەكی كوێستانی هەڵكەوتووە و لەگەڵ وەڵاتی عێراق(هەرێمی كوردستان) و توركیە سنووری هاوبەشیان هەیە.

لەشاری شنۆ زیاتر لە ٣٥ هەزار هێكتار زەوی كشت و كاڵی هەیە و لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٨ هەزار هێكتاری بۆ باغداری(زۆربەی سێو) تەرخان كراوە.