بەشێوەی سەمبولێک وەرزشکارانی مەریوان و بۆکان یادی قوربانیانی سەردەشت دەکەنەوە

14:49 - 6 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە پاسکیل لێخوڕانی شارەکانی بۆکان و مەریوان بە مەبەستی پشتیوانی لە قوربانیانی کیمیایی بارانی شاری سەردەشت مەودای ئەو دوو شارەیان هەتا شاری سەردەشت پێوا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕ، ژمارەیەک لە پاسکیل لێخوڕانی شارەکانی مەریوان و بۆکان لە پارێزگاکانی سنە و ورمێ مەودای ٢٠٩ کیلۆمێتری نێوان مەریوان و سەردەشتیان بە پاسکیل بڕی.

هەروەها بەشێک لە پاسیکل لێخوڕانی شاری بۆکان بە هەمان شێوە مەوادی ١٩٥ کیلۆمێتری شاری بۆکان تا سەردەشتیان بە مەبەستی پشتیوانی لە قوربانیانی کیمیایی بارانی ئەو شارە پێوا.

حەرەکەتی ئەو ژمارە لە پاسکیل لێخوارانی شارەکانی بۆکان و مەریوان سمبولێک بووە.

دروشمی ئەو کارە مرۆییە لە ژێر ناوی\" نا بڵێ بۆ شەڕ و بەڵێ بڵێ بۆ ئاشتی\" بووە.

رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، شاری سەردەشت لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومان کراو لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی پاش کیمیابارانەکەدا ١٤٠ کەس بەهۆی ئەو چەکەوە گیانیان لەدەست دا.