بەشوودانی زۆرەملی لە ناوچەی سەقز خۆکوژیی کچێکی لێکەوتەوە

16:21 - 18 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: کچێک لە ناوچەی گەورکی سقز بە چەکی تایبەت بە راو (شکاری) تەقەی لەخۆی کردووە و کۆتایی بەژیانی هاتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧‌ی خاکەلێوە کچێک بەناوی \"کەژاڵ قادری\" خەڵکی ناوچەی سەقز بە چەکی \"تاپڕ\" کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

کەژاڵ قادری کچی رەحمانی حاجی ساڵەی سیادەری سەروو لە ناوچەی گەورکی سەقز بووە، کە بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو گوندە، کەژاڵ حەفتەیەک پێش ئێستا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە ئیجباری لە ئامۆزایەکی خۆی مارە کراوە، کە بەو هۆیەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.

خۆکوژیی لەکوردستان زیاتر ‌وەک دیاردەیەکی‌کۆمەڵایەتی لێهاتووە و کۆمەڵناسان لەپێناسەکەیدا دەڵێن: خۆکوژی‌بە شێوەیەک لە مردن دەگوترێ ‌کە راستەوخۆ ‌یان ناڕاستەوخۆ دەرئەنجامێکی ‌دیار ‌و بەرچاوی ‌هەیە.

بە باوەڕی چالاکانی کۆمەڵایەتی، خۆکوژی ‌لە ئاکامی‌ کێشە کۆمەڵایەتی ‌‌و تێکچوونە دەروونییەکانی‌ مرۆڤەوە، کە زیاتر لە ئەنجامی بێکاریی و نەبوونی یاسایەکی شیاو سەر هەڵئەدات ‌و لە کوردستاندا بە یەکێک لەکێشە گرینگەکان دەژمێردرێ ‌‌و پێویستی بە لێکۆڵینەوە، خەسارناسی ‌‌و بەدواداچوون هەیە.