بەشوودانی زۆرەملی خۆکوژیی کچێکی لە بۆکان لێکەوتەوە

20:22 - 16 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: دیاردەی خۆکوژیی لاوانی کورد، هەتا دێت بەربڵاوتر دەبێت و بەرپرسانی حکوومەتی چووکەترین هەنگاوی کردەییان بۆ کەم کردنەوە ڕێژەی خۆکوژییەکان هەڵنەهێناوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا، هەوڵی هاووڵاتییەکی بۆکانی بەمەبەستی بەشوودانی زۆرەملیی کچەکەی خۆکوژیی ئەو کچە تەمەن ٢١ ساڵەی لێکەوتەوە.

شوناسی ئەو کچە، کەوسەر ڕەحمانی کچی سدیق ڕاگەیەندراوە، کە لە لایەن باوکیەوە گوشار خراوەتە سەری بۆ ئەوەی لەگەڵ پیاوێک کە ٢٠ ساڵ لە خۆی گەورەترە ژیانی هاوبەش پێک بهێنێت.

هەواڵنێری کوردپا لە بۆکانەوە ڕایگەیاندووە کە هەوڵەکانی کەوسەر لەبەرانبەر ویستی باوکی‏دا بێ‏ئاکام ماوەتەوە و لەئاکامدا ناوبراو ڕۆژی پێنج‏شەممە ١٤ی خەزەڵوەر، لە ژێرزەمینی ماڵەکەی خۆیان‏دا لە گەڕەکی عەلی‌ئاوای بۆکان، خۆی هەڵواسیوە.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە گەیشتوون، ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی ئەم مانگە، کچ و کوڕێکی گەنج لە شاری سەردەشت کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

شوناسی کچەکە سارینا شەریف‌پوور ڕاگەیەندراوە کە ڕۆژی ڕابردوو لە گوندی \"قەڵا ڕەش\" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ڕۆژی پێشتریشی لە گوندی \"دۆڵکان\"ی سەردەشت، کوڕێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بەناوی ئەسکەندەر کوڕی مستەفا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

هۆکاری خۆکوژیی ئەو لاوە هێشتا ناڕوونە.

کێشەی ئابووری و هەڵاواردن لە گرینگترین هۆکارەکانی خۆکوژی لە نێو کچان و ژنانی گوندەکانی کوردستان بە ئەژمار دێن.

سەرچاوەکانی هەواڵی کوردپا ڕادەگەیەنن کە ناوەندە دەوڵەتییەکان وەکوو ڕێکخراوی بێهزیستی کەمترین هەوڵیان بۆ پێشگیری لە پەرەسەندنی خۆکوژی لە کوردستان داوە .