بەشار ئەسەد خۆی بۆ شەڕی مان و نەمان ئامادە دەکات

15:29 - 10 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی شەڕ و پێكدادانەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکوومەتی سووریە، پێوەندیی فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی دیمەشق لەگەڵ شارەکانی دیکە پچڕاوە.

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی سووریە بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی حکوومەتی سووریە لە هێرشێکدا بۆ سەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە، رێگای پێوەندی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشقیان لە کۆنتڕۆڵی ئەو هێزانە دەرهێناوە.

لەلایەکی دیکەشەوە هەواڵدەریی رۆیتێرز لەزاری یەکێک لە بەرپرسانی \"ئەرتشی ئازادی سووریە\"وە بڵاوی کردەوە کە شەڕێکی قورس لە نێوان هێزەکانی ئەوان و ئەرتشی حکوومەت لەسەر رێگای ئەو فڕۆکەخانەیە هاتۆتە ئاراوە و هەنووکە شەڕ لە ٣ هەتا ٤ کێلۆمیتری دەوروبەری دیمەشق لە ئارا دایە.

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن راشیانگەیاندووە: ئەو فڕۆکەخانەیان داوەتە بەر رەهێڵەی تۆپ و خومپارە و هەروەها کۆنترۆڵی سەرجەم رێگاکانی دەوروبەری ئەوۆ فرۆکەخانەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

وەزیری ئیتلاعاتی حکوومەتی سووریە رایگەیاندووە کە هێڵەکانی ئینترنێت و تەلەفۆن لە ولاتی سووریە پچڕاوە ئەو وەزیرە روو لە هێزەکانی ئۆپۆزسیون گوتوویەتی کە ئەو کارە دەستی حکوومەتی وڵاتەکەی تێدا نیە.

\"9959.jpg\"
پچڕانی هێڵەکانی تەلەفۆن و ئینترنێت گەورەترین لە ماوەی ٢٠ مانگی رابردوودا کێشە و گرفتی لە تۆڕەکانی پێوەندی لەگەڵ دونیای دەرەوە بۆ وڵاتی سووریە و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دروست کردووە.

چاوەدێرێکی پایەبەرزی یەکیەتیی ئورووپا رایگەیاندووە: حکوومەتی بەشار ئەسەد خەریکی خۆ ئامادە کردن بۆ شەڕێکی چارەنووس ساز لە دەوروبەری دیمەشق دایە و ئەمەش بە مانای ئەوەیە کە حکوومەتی سووریە بەمزوانە بەرەو رووخان دەچێت.

بەپێی راپۆرتێکی نهێنی کە کەوتۆتە دەستی دیپلۆماتێکی رۆژئاوایی لە تاران، حکوومەتی ئیسلامی ئێران بە پەرۆشەوە نیگەرانیی چارەنووسی داهاتووی حکوومەتی سوریەیە.

ئەو دیپلۆماتە رۆژئاواییە لە وتووێژێک لەگەڵ ماڵپەڕی \"ئەلعەرەبیە\" رایگەیاندووە: کە کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لەمەڕ کۆنترۆڵی سووریە و بەردەوام بوونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد نائومێد بوون.

لە درێژەی ئەو راپۆرتە نهێنیەدا هاتووە کە کاربەدەستانی تاران هەتا کاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران پشتیوانیی حکوومەتی سووریە دەکەن.

هەروەها لەو راپۆرتەدا هاتووە کە حکوومەتی ئێران لە هەوڵی ئەوە دایە کە لەنێو نوێنەرانی \"ئەنجومەنی نیشتمانیی سووریە\" هاوپەیمانێک لە شێوەی \"حیزبووڵڵا\"ی لوبنان بۆ پاش رووخانی حکوومەتی ئێستای سووریە بدۆزێتەوە، بەڵام لە ترسی هەرچی زووتر رووخانی حکوومەتی سووریە نایهەوێت بە ئاشکرا ئەو کارە بکات.