بەسیج دەست بەسەر پێشەسازیی گەشتیاریی ئێراندا دەگرێت

16:29 - 29 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ڕێکخراوی بەسیجی مۆستەزعەفینی ئێران، باسی لە دامەزراندی \"گوندی بەرگری\" (دێهکەدەی مۆقاوەمەتی)، لە سەرتاسەری ئێراندا کردووە.

محەممەد ‌ڕەزا نەقدی، بەرپرسی ڕێکخراوی بەسیجی ئێران ڕایگەیاندووە؛ ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ، باسی لە دەست‌بەسەردا گرتنی بەسیج بۆ پیشەسازیی گەشتیاریی ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە کە؛ \"گوندی بەرگریی بەسیج لە هەموو پارێزگاکانی ئێراندا دادەمەزرێ.\"

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە؛ \"ئامانجی ئەم کردەوەیە پەرەپێدان بە گەشتیارییتەندروست و پاک بوونەوە لەهەر چەشنە ناپاکییەکی ڕەوشتییە و ئەم گوندی بەرگرییە، دەبێتە ناوەندی سەیرانگای شۆڕش لە داهاتوودا\".

بە وتەی \"نەقدی\"، گوندی بەرگری جگە لە پرۆگرامی خۆشگوزەرانی و سەرگەرمی، دەبێ ڕۆحیەتی شەهیدبوون و جیهاد بەرز بکاتەوە. هەروەها ڕایگەیاندەووە کە؛ ئەم پرۆگرامە یەکێ لە ئامانجەکانی بەرنامەی شەشەمی پەرەپێدانی ئێرانە و ئەم سەیرانگایانەی تایبەت بە پرۆژەی \"ڕاهییانی‌نوور\"، دەبێ لە ٢ تا ٣ ساڵی داهاتوودا، لە هەموو پارێزگاکاندا دابمەزرێ و یەکێ لە ئامانجەکانی ئەم پلانانە، زۆرتر کردنی ڕێژەی تەوافکەرانی ڕاهییانی نوورە و تا کۆتایی پرۆگرامی شەشەم، ئەم رێژەیە تا ئاستی ٧٠ میلیوون کەس دەگات.

ساڵانێکە لە ئیراندا بە زۆرە ملی منداڵانی قۆتابی بۆ ئەم مەبەستانە بەکار دەهێنن و بە ناوی ئۆردووی \"ڕاهیان نوور\" و بە شەرت و مەرجی دەرەجە و هەڕەشەی دەرکردن لە قوتابخانە، بۆ ئەم سەیرانە زۆرەملییە ڕاکێشیان دەکەن، کە زۆربەی جاریش کارەساتی دڵتەزێنی لێ کەوتۆتەوە و منداڵی خەڵک بوونەتە قوربانیی سیاسەتی شوشتنەوەی مێشک لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەتییەوە.