بەرەی ئەهلی سونەت، هێرشی مووشەکی بۆ بنکەکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرد

15:42 - 21 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرەی ئەهلی سونەتی ئێران بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرد.

لە بەیاننامەی بەرەی ئەهلی سونەتی ئێراندا هاتووە: بەرەی ئەهلی سونەتی ئێران، لە ڕاستای داکۆکیی لە هەژاران و لابردنی تەواوی هەڵاواردنەکانی میللی، دینی ... بە نیسبەت نەتەوەکانی ئەهلی سوننی (بەلووچ، کورد و تورکمەن و ..)، ئەم شێوە هێرشە وەحشیانە بە توندی مەحکووم دەکەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان دەکەین.

دەقەی تەواوی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

بەیاننامەی بەرەی ئەهلی سونەتی ئێران، سەبارەت بە هێرشی مووشەکیی ڕێژیم دژی حدکا و حدک لە کوردستانی عێراق

بسم‌اللە الرحمن الرحیم

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانان، سپای دژی ئیسلامیی نیزامی ویلایەتی فەقیهـ. مقەڕەکانی حدکا و حدک کرایە ئامانجی و کە لەو ڕووداوەدا، چەندین کەس لە ژن و منداڵ، بوونە قوربانی.

ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ، کە چەندین ساڵە، نەتەوەکانی موسەڵمانی بە دروشمی خەبات لەگەڵ ئیسرائیل \"مخدر\" کردووە، ئێستە مووشەکەکانی خۆی ڕەوانەی نەتەوەی موسەڵمانی کورد لە کوردستان دەکات و کە ئەم جۆرە سیاسەتانە تەنیا لە ڕاستای نەهادینەکردنی هەرچی زیاتری دووبەرەکیی و ڕق و کینە لە نێوان موسەڵمانان و خزمەتکردن بە دوژمنانی ئیسلامدایە، کە لە ڕاستیدا ئەم ئامانجە کە لە یەکەم ڕۆژەوە لە لایەن حکوومەتی ئاخوندی بە شێوەی سیستماتیک بەرنامە بۆ دارێژراوە بووە.

بەرەی ئەهلی سونەتی ئێران، کە خەباتی خۆی لە ڕاستای دەستەبەرکردنی دادپەروەریی کە تەواوی ئەو زوڵمانەی بە سەر هاووڵاتییانی ئەهلی سونەتی ئێراندا هاتووە، کۆتایی پێ بهێنێت و لەو ڕاستایەش لەگەڵ تەواوی حیزب و لایەنە سیاسییەکان کە لەگەڵ بەرەی سونەتی هاودەنگن، هاودەنگ دەبن.