بەرەی یەکگرتووی کورد: هیچ زمانێک لەوانی دیکە بە نرخ‌تر و کامڵ‌تر نیە

13:54 - 3 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرەی یەکگرتووی کورد سەبارەت بە رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هەڵوێستی فەرهەنگستانی زمانی فارسی لەمەڕ بە کەم گرتنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەکانی‌تری شەرمەزار کردووە و داوای لە حەسەن رۆحانی کردووە بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی سەبارەت بە گرنگیدان بە مەسەلەی زمانی نەتەوەکان هەنگاوی جیددی هەڵگرێ.

دەقی بەیاننامەی بەرەی یەکگرتووی کورد:

بەیاننامەی بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایک زمان ئەو تایبەتمەندییە گرینگەی لە نێزیکەی ١٠٠ هەزارساڵ پێش ئێستاوە بە وردی خۆی کێشایە ناوجیهانی ئێمە، بەرچاوترین دیاردەیەکە هەتا ئێستاش لە سەر بەمرۆڤ بوونی ئێمە کاردانەوەی هەبووەو دەور دەبینێ، پەرەسەندن وتەکامولی مێشکی مرۆڤ پێوەندییەکی راستەوخۆی لە گەڵ پەرەسەندنی زمانیدا هەیە، بۆیە بە بێ زمان ئێمە بە هیچ شێوە توانایی سازکردنی جیهانمان بەو شێوەی ئەمڕۆ نەدەبوو.

هیچ زمانێک لەوانی تر بە نرخ تر و تەنانەت کامڵتر نیە مەگەر ئەوەی کاری زیاتری بۆ کرابێ یاکوو پشتیوانی دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵدا بێ، پێکهاتەی زمانی هەر گەلێک لەسەر تێگەیشتنی سەبارەت بە جیهان شوێن دادەنێ بۆیە لەوانەیە هەر نەتەوەیەک بە هۆی تایبەتمەندیە زمانیەکانیەوە جیهانبینی و بۆچوونی تایبەت بە خۆی لە هەمبەر مەسەلە گرنگەکانی جیهاندا هەبێ، هەروەها گرنگترین مەسەلەی پەیوەست بە زمان مەسەلەی هۆویەت خوازی هەر گەلێکە لە کەناڵی زمانیەوە، زمان سیمبۆلی سەرەکیی شووناسی هەر نەتەوەیەکە، لە کەناڵی زمانەوە تاک ئەندام بوونی خۆی لە گرووپدا ڕادەگەیەنێ و دەڵێ من لەگەڵتاندا ئاسوودەم و ئێمە لە هەندێ شتی هاوبەشی وەک شادی و دەرد، هەل وهەڕەشەی تایبەت هاوبەرەژەوەندی و هاوچارەنووسین، زمان تەنیا کەرەسەیەک نییە بۆ پەیوەندی گرتن بەڵکوو ئامێرێکە بۆ دەربڕینی فەردیەتی هەر تاکێک و دەربڕینی هەستە هاوبەشەکانی تاکەکان لە هەمان حاڵدا بۆیە پێداگریمان وەک گروپ لەسەر مەسەلەی زمان و شووناس بەر لە هەموو شتێ بۆ ئەوەیە تا لە وابەستەیی بە گرووپەکانی تر ڕزگارمان بێت.

پێوەندیەکی نێزیک لە نێوان نابەرامبەریە کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵ جیاوازی فەرهەنگی و زمانییەکاندا بەدی دەکرێ، ئێمەی کورد زۆر جار بەهۆی جیاوازی زمانیمانەوە لەگەڵ نەتەوەکانی تر تەحقیر دەکرێین و لە ڕەوەندی دابەشکاری دەسەڵات دوور دەخرێینەوە... لە هەمان حاڵدا سنوورە سیاسییەکان هۆوییەت و زمانی چەند پارچەو بچڕ بچڕکردوین و دڵی لە یەک دوورخستووینەوە، بۆیە دەبێ هەوڵ بدەین بۆ پەرە پێدان و پتەوکردنی هەرچی زیاتری زمانەکەمان و بۆ گرنگیدان بە زمانی دایک منداڵەکانمان ڕابێنین تا بڕوا بەخۆبوونیان تێدا بخولقێ و چیتر تووشی قەیرانی شووناس نەبنەوە.

بەرەی یەکگرتووی کورد هەر بەو بۆنەوە هەڵوێستی فەرهەنگستانی زمانی فارسی لەمەڕ بە کەم گرتنی زمان و فەرهەنگی نەتەوەکانی تر شەرمەزار دەکا و داوا لە بەڕێز ڕووحانی دەکەین بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی سەبارەت بە گرنگیدان بە مەسەلەی زمانی نەتەوەکان هەنگاوی جیددی هەڵگرێ بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیە کە جیاوازی فەرهەنگی لە هەر وڵاتێکدا سەرمایە و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە و ڕەنگاوڕەنگی زمانی دەکرێ ڕەنگاوڕەنگی و پلۆرالیزمی فکری و سیاسی لێ بکەوێتەوە و نابی بە بیانووی تەمامیەتی ئەرزی و ئێقتداری میللی و هتد نرخ و بەها فەرهەنگیەکانی تر بخرێنە پەراوێزەوە.

لە کۆتاییدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک پیرۆزبایی لە هەموو نەتەوەکانی جیهان و ئێران و بەتایبەت کورد و هەر مرۆڤێکی دڵفراوان و ئازادیخواز دەکەین و ئاواتەخوازین بتوانین بە هەموو جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگیە فکری و زمانیەکانمانەوە لەکەناری یەکدا لە ئاشتیدا بژین، وەک مرۆڤ و لە پێناو ساز کردنی دنیایەکی باشتردا هەنگاو بنێین.