بەرەی یەکگرتووی کورد سەپاندنی بڕیاری زیندانی بۆ "زارا محەممەدی" به توندی ئیدانه دەکات

16:35 - 15 بەفرانبار 2721

بەرەی یەکگرتووی کورد ڕاگەیەندراوێکی ئێعترازیی سەبارەت بە بڕیاری بەندکردنی "زارا محەممەدی" بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ئێعترازی بەرەی یەکگرتووی کورد به بڕیاری بەندکردنی خاتوو زارا محەممەدی.

هاونیشتمانییان و هەڵسوڕاوانی مەدەنی و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان!

زمانی دایکی و خۆشەویستییەکەی و هەوڵ و تەقەلا بۆ گەشه و نەشەی، بابەتێکی دەروونی و هەستی و ژیرانەیه.

له دەستوور و یاسای بنەڕەتیدا، هەر چەندە ناتەواو، بەڵام باسی خوێندن و فێرکاری به زمانی دایکی کراوه و وەک مافێکی سروشتی به فەرمی ناسێندراوه.

بەڵێ لە بارودۆخی هەستیار و نالەباری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و کێشەی دەرەکی و گەمارۆی گشتی و بابەتی وزەی ناوکی و بەرجام و گشت تەنگژەکانی پێوەندییه دەرەکییەکان له بواری ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کێشەی ناوخۆیی وەک قەیرانی ئابووری و گرانی و هەژاری و بێکاری و ئێعتیاد و تەڵاق و منداڵانی کار و دەیان گرفت و کێشەی بچووک و مەزنی تر که هەنووکه بەرۆکی دەوڵەت و میللەتی گرتووه، ئەوەی که بووەته هۆی دڵەڕاوکێی بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەم وڵاتە، هەوڵ و چالاکیی بێ مەعاشی کیژۆڵەیەکی پاک و بێگەرده که لهنێوان گشت ئەم هەڵڵا و تەنگەژانەدا قۆڵی هەڵماڵیوه و ئەوەی که ساڵەها لەمەوبەر دەبوا به بودجەی دەوڵەت و به فەرمی له بەرنامەی فێرکاری و پەروەردەدا خزێندرابا، به تەنیا دەیکات. سپاسنامه و ڕێزنامەگەلێک که دەبوا لەم دونیا ئاوەژوەدا پێی درابا، هاتوچۆ بۆ دادگا و سەرکۆنه و زیندان کردنە. بەڵێ دونیایەکی بەراوژوویه و دز و جەرده و گەندەڵەکان له دەرێ ئازادن و کۆتره هەست پاک و بێگەردەکان له‌نێو بەند و بەندیخانه‌دان.

بەرەی یەکگرتووی کورد دادگاییکردن و سەپاندنی بڕیاری زیندانی بۆ خاتوو زارا محەممەدی و هەر کەسێکی تر به‌هۆی وانەگوتنەوەی زمانی دایکی به منداڵانی ئەم خاکەی به توندی ئیدانه دەکات و داواشی له بەرپرسانی پێوەندیدار و دەزگای داد هەیه هەتا پێداچوونەوەیەکی ئەرێنی لەمەڕ ئەم شێوه دۆسیەیانە بگرنه بەر و باسی فێرکاریی خۆبەخشانەی زمانی دایکی نەک له خانەی تاوان و سزا، بەڵکوو بخەنه خانەی هاندان و گەشەی پێ بدەن.

بەرەی یەکگرتووی کورد

١٤ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی