بەركەوتوویەکی چەکی كیمیایی لەمەریوان توانای دابینكردنی دەواو دەرمانی نیە

13:43 - 22 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: ناوەندە حكوومەتییەكان لە كوردستان لەهەمبەر دابینكردنی تێچووی دەرمانی بەركەوتووان و بریندارانی چەكی كیمیایی كەمتەرخەمن و ئەوەش كێشەی بۆ ئەو كەسانە دروست كردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، یەكێك لەبریندارانی چەكی كیمیایی لەمەریوان مانگانە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار تمەن خەرجی دەوا و دەرمان دەكات و ناوەندە پێوەندیدارەكان هیچ ئاگایان لە دۆخی ئەو هاووڵاتیە نیە.

ئەو هاووڵاتییە كە وەكوو \"جانباز(کەمئەندام)\"‌ی ٤٠% لە قەڵەم دراوە لە یەكێك لەئاوایەیكانی ناوچەی هەورامان و شارستانی مەریوان مامۆستای قوتابخانەی سەرەتاییە و لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە بە هۆی نەخۆشەی تەنكە نەفەسییەوە نەیتوانیوە وانە بڵێتەوە.

هادی ئیسماعیلی فەرد، كە ٢٧ ساڵ لەمەوبەر یەكێک لە بەركەوتوانی چەكی كیمیایی ( گازی خەردەل) بووەو ئێستاكە توانای دابینكردنی تێچووی دەوا و دەرمانی نییە.

هادی ئیسماعیلی فەرد بە هەواڵدەریی ئیرنای وتووە، لە مانگدا چەندین جار سەردانی پزیشكی پسپۆڕ دەكەم و بە بەردەوامیش دەبێ‌ كەڵك لە \" كەپسووڵ بە مەبەستی هەڵمژینی ئۆكسیژێن\" وەربگرم و جاری وا هەبووە كە مانگانە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار تمەن خەرجی دەوا و دەرمانم بووە و هیچ ناوەندێكیش ئاوڕی لێ نەداومەتەوە.

ئەو قوربانییە باسی لەوەش كرد رۆژانە دوو دەرزی \" دگزامێتازۆن\" لەخۆم دەدەم و پێویستە سپاسی خۆم بۆ كچ و هاوسەرەكەم بنێرم و بە سەدان جار ئەوانیش وەكوو من ئازارییان چێشتووە و شەو و رۆژیان لێ‌ تێكچووە و لەگەڵ ئازاركانی من بوون هەتا بتوانن كەمێك لە برینەكانم سارێژ بكەنەوە.

بارودۆخی نالەباری ئەو هاووڵاتیە مەریوانییە لەحاڵێكدایە كە ساڵی رابردوو برای ئەو مامۆستایە بە هۆی بەركەوتنی چەكی كیمیایی و هەڵنژینی ئەو مادە ژەهراوییەی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵە گیانی خۆی لەدەست دابوو.

هەر ساڵە چەندین هاووڵاتیی كە ٢٧ ساڵ لەمەوبەر تووشی ئەو مادە ژەهراوییە بوون كە زۆرترینیشیان خەڵكی سەردەشت و نۆدشەن گیان لەدەست دەدەن.

مەریوان و ئاوایی نژمار بە یەكێك لەو شوێنانەی كوردستان دێنە ئەژمار كە لەلایەن رێژیمی بەعسەوە كیمیایی باران كران.
\"24154.jpg\"

\"24158.jpg\"

\"24156.jpg\"

\"24155.jpg\"