بەرێوەچوونی کۆڕێکی زانستی بۆ پێشگیری لە ماددەی هوشبەرەکان لە زانکۆی کوردستان

15:38 - 2 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەبەشداری ژمارەیەک لە ڕێکخراوە خەڵکییەکان لە چەند پاریزگایەکی ئێران، بۆ پێشگیری لە ماددەی هۆشبەر، لە زانکۆی کوردستانی شاری سنە سێمینارێک بەڕێوەچوو.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ٣١ی خاکەلێوە، بەبەشداری ڕێکخراوە خەڵکییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز، زەنجان، ئەردەبێل، گێڵان و پارێزگای سنە لە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە سێمینارێکی زانستی بەرێوەچوو.

ئەو کۆڕە لە ژێر ناوی\"پارێزگاری و گوتاری کۆمەڵایەتی\" بۆ پێشگیری لە ماددەی سڕکەر بەڕێوەچوو و لە هەر پارێزگایەک ٣٠ کەس بەشدار بوون.

پسپۆڕانی ماددە سڕکەرەکان کە لە پارێزگاکانی ئێران هاتبوون باسیان لە زەرەرو زیانەکانی ئەو ماددە ماڵوێرانکەرە کرد و ئاماژەیان بە ڕۆڵی ڕێکخراوە خەڵکییەکان و ناوەندە ناحکوومەتییەکان کرد لە پێشگیری لە بڵاوبوونەوە و گیرۆدەبوون بە ماددەی سڕکەر.

بەپێی ئامارەکان زیاتر لە٤٠هەزار کەس لە کەمپەکانی تەرککردنی مادەی سڕکەرن و زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانەش وەکوو خۆبەش کار دەکەن و هیچ پارەیەک لە حکوومەت وەرناگرن.

ئەو سمینارە لە دوو نەوبەتی بەیانی و دوانێوەڕۆ بەڕێوەچوو.

هێندێک لە بەشدار بووانی ئەو کۆڕە بە جلوبەرگی کوردی پێشوازیان لە میوانەکانی ئەو پێنج پارێزگایە کرد.

بەشێکی دیکەی ئەو کۆڕە تەرخان کرا بوو بۆ شوێنی پیشاندان و نمایش کردن کارە دەستییەکانی خەڵکی شاری سنە لەوانەش جلوبەرگی کوردی و پێڵاو...

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە سڕکەرەکان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار مۆعتاد لە ئێراندا بوونیان هەیە و ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئامارە نافەرمییەکان باس لەبوونی چوار ملیۆن تووشبوو بە ماددەی سڕکەر لەئێراندا دەکەن.