بەرێوەچوونی سێیەمین دیداری چرا بۆ فیلمی دیکیۆمێنتاری + وێنــە

15:06 - 26 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: دیداری چرا بۆ فیلمی دیکیۆمێنتاری پاش سێ رۆژ کاری بەردەوام لە شاری سلێمانی و بە درەوشانەوەی هونەرمەندانی کوردستانی ئێران، کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز سێیەمین دیداری چرا بە بەشداریی سینەماکارانی لەهەر چوار بەشی کوردستان لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو کە تیایدا باشترینەکان خەڵات کران.

\"17440.jpg\"
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سلێمانییەوە رایگەیاند؛ خەڵاتی باشترین فیلم، پێشکەشی \"گەشتیاری نایاسایی\" لە دەرهێنانی سووربان قوربانی دانیشتووی وڵاتی بریتانیا کرا کە ناوەرۆکی ئەم فیلمە باس لە چیروکی گەشتی دەر‌هێنەری فیلمەکە دەکات کە بە شیوەی نایاسایی لە کوردستانەوە بەرەو هەندەران دەروات.

هەروەها خەڵاتی باشترین دەرهێنان بە فیلمی \"وەزەبان\" لە دەرهێنانی پەرویز رۆستەمی خەڵکی کوردستانی ئێران بەخشرا و ناوەرۆکی فیلمی وەزەبان چیرۆکی مێژوویی ئایین لە کوردستانە کەلە دێرزەمانەوە لەم نیشتمانەی کوردان بوونی هەبووە.

هەروەها فیلمی \"بەرزایی هیوا\" لە دەرهێنانی کەیوان مەجیدی خەڵاتی تایبەتیی لێژنەی داوەرانی ئەو دیدارەی پێشکەش کرا کە باس لە پیاوێکی بەساڵاچووی هەورامی دەکات کە شاخێکی لێژ و ناهەموار دەکات بە باخی رەز و ترێ.

هەروەها فیلمی دیکیۆمێنتاریی \"دەف، شادی و رەنجەکان\" کە باس لە ژیان و بەسەرهاتی هونەرمەندی کۆچکردووی کورد سەید محەممەد سەفایی دەکات، خەڵاتی باشترین مونتاژی پێ بەخشرا.

فیلمی ژینگە لە دەرهێنانی هەڤاڵ جەماڵ خەڵکی شاری هەولێر، کە باس لە ژینگه‌ی کوردستان دەکات، خەڵاتی باشترین لێکۆڵینەوەی پێشکەش کرا.

بەگشتی ٨٠ فیلم رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەو دیدارە کرابوون کە ٣٩ فیلمی دیکیۆمێنتاری لە هەر چوار بەشی کوردستان بۆ نمایش کردن هەڵبژێردران کە فیلمی دیکیۆمێنتاریی \"نیشتمان\" لە دەرهێنەریی رزگار محەممەدی خەڵکی شاری سنە یەکێک لە فیلمەکانی بەشداربووی ئەو دیدارە بوو.
\"17437.jpg\"

\"17436.jpg\"