بەرێوەبەری ماڵپەڕی هەواڵیی \"نووریاو\" لە شاری پاوە دەسبەسەر کرا

14:16 - 18 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری هەواڵیی ماڵپەڕی \"نووریاو\" لە شاری پاوە، لە لایەن پولیسی ئەمنییەتیی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتووخانە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی شەممە ١٦ی پووشپەڕ، موزەفەر وەلەدبەیگی، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی هەواڵیی \"نووریاو\" لەسەر بڕیاری موسلم ئەڵماسی، دۆزگەری شاری پاوە، لە لایەن پولیسی ئەمنییەتیی ئەو شارە دەسبەسەر کرا.

بەڕێوەبەری ماڵپەڕی هەواڵیی \"نووریاو\"، پاش دەسبەسەرکرانی بۆ گرتووخانەی پولیسی ئەمنییەتیی شاری پاوە گوازرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە ماڵپەڕی \"نووریاو\"، سەبارەت بە هێرشی ژمارەیەک لە هێزە لیباس شەخسییەکان بۆ سەر بنەماڵەیەک، دۆزگەری شاری پاوە حوکمی دەسبەسەرکرانی ئەم چالاکە کوردەی دەرکردووە و لەسەر بڕیاری دۆزگەر ئەم هەواڵە لەو ماڵپەڕە لابراوە.

ماڵپەڕی هەواڵیی \"نووریاو\" هەواڵ و ڕووداوەکانی شاری پاوە، سەر بە پارێزگای کرماشان ڕووماڵ دەکات.