بەرچاوتەنگیی بەرپرسانی حکوومەتی بۆ فەرهەنگی کوردستان

15:24 - 11 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی فەرهەنگیی کوردستان لە چاوەڕوانیی مۆڵەتی دەوڵەتی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیاندا ماونەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی پێوەندیدار لە ئیدارەکانی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستان چەندین ساڵە لە پێدانی مۆڵەتی بڵاڤۆک و پەرتووکی توێژینەوەیی چالاکێکی ناسراوی کامیارانی خۆیان دەبوێرن.

لەبارەی گرینگی نەدانی بەڕێوەبەرانی فەرهەنگیی ئەم پارێزگایە، باقر پیری پشتڕاستی کردەوە کە ١٢ ساڵە داوای پێدانی مۆڵەتی بڵاڤۆکێکی کوردیم کردووە، بەڵام تاکوو ئێستا وەڵامێکیان نەداومەتەوە

ناوبراو کە پێشینەی ٢٥ ساڵەی لە کاری ڕۆژنامەوانیدا هەیە، وتویەتی: بڵاوکراوەی \"ئاژوان\"ـم بۆ پانتایی ناوچەکانی ڕۆژئاوا(کوردستان)ـی ئێران داوا کردووە.

\"باقرئەم مامۆستا و نووسەرەی خەڵکی کامیاران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیەنە ناوچەییەکان باسی لە پەرتووکی \"گام سوم\"، تایبەت بە کرماشانناسی و شوناسی کوردی، کردووە کە زیاتر لە ١٠ ساڵ سەرقاڵی نووسینی بووە، بەڵام ڕوانگەی بەرچاوتەنگانە ڕێگر بووە لە پێدانی مۆڵەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی.

پیری لەدرێژەدا، پێ‌نەدانی مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی لێکۆڵینەوەیی لەبارەی مێژوو و نەریتی شارستانی کامیارانی ڕاگەیاند و ڕوونیشی کردەوە کە ٣٠ ساڵ لە تەمەنی خۆی تەرخانی کۆکردنەوە و نووسینی ئەو پەرتووکە کردووە.

گلەیی و ڕاستییەکانی وتراو لەلایەن باقر پیری لە وڵاتێک باس دەکرێ کە بەرپرسانی هەرە سەرەوەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەمیشە وەک نیشتمانێکی فەرهەنگی و هونەری ناویان بردووە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی لە شارەکانی سنە، دیواندەرە و کامیاران وتبووی: کارنامەی دەوڵەتی یازدەهەم لە بیاڤی فەرهەنگ و هونەردا وەک دەوڵەتەکانی دیکە، جێی پەسەندی خەڵکی کوردستان نیە.