بەرپرسی "ئەندەرزگا"ی بەندی ڕەواندەرمانیی زیندانی ورمێ تووشی کۆرۆنا بووە

17:10 - 17 جۆزەردان 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانی ورمێ ڕووی لە زیادبوون کردووە و "دوکتور قەرەباغی"، بەرپرسی ئەندەرزگای بەندی ڕەواندەرمانی و بەرپرسی دامەزراوەکانی ئەو زیندانە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "پاش تووشبوونی بەرپرسی ئەندەرزگای بەندی ڕەواندەرمانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواوی فەرمانبەرانی ئەو بێهدارییە لەهەمبەر کەمیی خزمەتگوزاریی تەندروستی مانیان گرتووە".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: "زیندانییانی بەندی ١٤ و ١٥ کە تاقیکاریی کۆرۆنای ئەوان نەرێنی بووە بۆ پێشگیری لە تووشبوون بە کۆرۆنا ڕەوانەی خەوتنگەی ٣ی زیندانی (بەندی ٩_١١) پێشوو کراون".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: "هاتوچۆ بۆ هۆڵی زیندان قەدەغە ڕاگەیەندراوە و تەواوی چالاکییە فەرهەنگی و وەرزشییەکان ڕاگیراون".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "تەواوی چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنییەکانی زیندانییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەهۆی ڕێژەی چوونە سەری تووشبووانی ئاماری کۆرۆنا لە زیندان هەڵوەشێندراوەتەوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا لە کۆتاییدا زیادی کرد: "سێ مانگ بەسەر سەمپاشیکردنی بەندەکان تێدەپەڕێت و تەنیا هۆڵی زیندان بەهۆی شوێنی فەرمانبەرانی دەوڵەتی سەمپاشی کراوە و لەو ماوەیەدا، تەنیا جارێک ماسکیان بە زیندانییان داوە".