بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری ڕوانسەر دەسبەسەر کرا

14:56 - 31 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ڕوانسەر، بەرپرسی پەروەردە و بارهێنان و هەروەها بەرپرسێکی فەرهەنگیی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"عوسمان وەیسی\" بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی شاری ڕوانسەر، لەگەڵ بەرپرسێکی دیکەی فەرهەنگیی ئەو شارە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەرکراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراونەتەوە.

جێگیری سیاسی- ئەمنییەتیی فەرمانداری شاری ڕوانسەر هەواڵی دەسبەسەرکردنی \"عوسمان وەیسی\" پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام باسی لە هۆکاری دەسبەسەرکردنەکەی نەکردووە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانەوەی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون بەو دوو بنەماڵەیە، خۆدەبوێرن.

\"عوسمان وەیسی\" خەڵکی شاری ڕوانسەر، ڕێکەوتی ١٠ی ڕەشەممەی ساڵی ٩٥، پاش ٢١ ساڵ پێشینەی مامۆستایەتی لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی شارەکانی ڕوانسەر، قەسری‌شیرین و جوانڕۆ، وەکوو بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی شاری ڕوانسەر دیاری کرا.