بەرپرسی گشتیی ئیتلاعاتی ئوستانی کرماشان لە سەردانەکەی عەلەوی‌دا دەستنیشان کرا+وتووێژ

16:14 - 2 رەشەمه 2713

ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی گشتیی نوێی ئیتلاعاتی ئوستانی کرماشان لەلایەن وەزیری ئیتلاعاتی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی‌یەوە دەستنیشان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ نیوە شەوی دووشەممە، رێکەوتی ٢٨ی رێبەندان وەزیری ئیتلاعاتی دەوڵەتی نوێ بە مەبەستی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی بەهێزترین و دەسەڵات‌دارترین ناوەندی حکوومەتی لە ناوچە کوردنشیةەکانی ئێران، سەردانی ئوستانی کرماشانی کرد.

\"18436.jpg\"

 

ناوبراو لەو سەفەرەدا \"سەدری\" بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتیی کرماشانی وەلا نا و \"خۆراسانی\" وەکوو بەرپرسی نوێی ئیتلاعاتی ئوستانی کرماشان دەستنیشان کرد.

هیچ زانیارییەک لەسەر شوناسی بەرپرسی نوێ و پێشووی ئیتلاعاتی ئوستانی کرماشان بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام وەزیری ئیتلاعاتی دەوڵەتی نوێ لە رێوڕەسمی ناساندنی بەپرسی نوێی دەستنیشانکراوی ئیتلاعاتی کرماشاندا باسی لە \"بەهێز کردن و هاوئاهەنگ کردنی دەزگا حکوومییەکان لە راستای بەڕێوەبردنی بەرپرسیایەتیی دروست و هاوتەریب لەگەڵ ئارمانجەکانی شۆڕش\"دا کردبوو.

هەروەها ئاماژەی بە \"راکێشانی سەرمایە\" و چارەسەریی پرسە ئابووری و ئەمنییەکان لە ناوچە٣ سنوورییەکانی عێراقدا کردبوو.

\"18434.jpg\"

شاهۆ فەرازمەند شارەزا لسەر پرسە ئەمنییەکانی کوردستان

بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر وردەکارییەکانی دەسەڵات و کارکردی وەزارەتی ئیتلاعاتی کوردستانی ئێران و رۆڵی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە پرۆسەی بڕیاردان لە ناوچە وکردنشینەکانی ئێراندا، هەواڵنێری کوردپا دیمانەیەکی لەگەڵ چالاکێکی سیاسی و شارەزا لە پرسە ئەمنییەکان پێکهێناوە.

شاهۆ فەرازمەند لەر سەرەتادا باسی لە پێکهاتەی وەزارەتی ئیتلاعات کرد و گوتی: لە هەموو شارەکانی کوردستان ئیدارەی ئیتلاعات هەیە و بۆ هەر بەشێک کەسانی تایبەت و بەشی تەیبەت تەرخان کراوە، کە لە ژێر چاوەدێریی ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی ئوستان و لە کۆتاییشدا شۆرای باڵای ئەمنییەتی ناوخۆدا چالاکی دەکەن.

ناوبراو سەبارەت بە بەستێنی چالاکیی ئیتلاعات لە شارەکانی کوردستاندا ئەوەشی خستەڕوو: بەشی تایبەت بۆ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ئەو پرسانەی کە لە روانگەی دەسەڵاتەوە بە ئەمنییەتی ئەژمار دەکرێن، بە بەشە ئەسڵییەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە دادەندرێن.

ئەو چالاکە سیاسییە دەشڵێت: کۆمەڵێک ناوەندی جۆراوجۆر لە پرۆسەی بڕیارە ئەمنییەکان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا رۆڵ دەبینن، کە سازمانی حیفازەت ئیتلاعات، لەگەڵ تێکڕای بەشەکانی حەراسەتی ئیدارە حکوومەتییەکان، حیفازەت ئیتلاعاتی ئەرتەش، هێزە ئینتزامییەکان و حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئەو ناوندە ئەمنییەتییانە پێک دێنن.

شاهۆ فەرازمەند سەبارەت بە میکانیسمی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییانە لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام باسی لەوە کرد؛ لە کاتی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، ١٧ پایەگا لە سەرتاسەری ئێراندا فەرماندەیی شەڕی عێراقیان لە ئەستۆ بوو، کە بنکەی (خاتەمولئەنیا) بنکەی سەرەکیی ئەو ١٧ پایەگایە بوو و هاوکات دوو بنکەی هەمزەی سەیدولشوهەدا و رەمەزان لە کوردستان چالاکییان دەنواند.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە سەبارەت بە کارکردی دوو بنکەی ئەمنییەتیی چالاک لە کوردستان گوتی: کاری سەرەکیی قەرارگەی رەمەزان، رێکخستن هێزە دژبەرەکانی رژیمی بەعسی عێراق بەتایبەت هیزە کوردییەکان بوو و هەتا ئێستاش بەردەوامە و هەروەها سەرکوتی بزووتنەوەی میللی - دێمۆکراتیکی کوردستانی ئێرانیش لە ئەستۆی قەرارگەی رەمەزانە.

شاهۆ فەرازمەند شارەزا لە پرسە ئەمنییەکان باسی لە چالاکتربوونی ئەو دوو قەرارگەیە تەنانەت پاش شەڕی کۆتایی ئێران و عێراق کرد و ئاشکرای کرد، بەستێنی چالاکیی قەرارگەی هەمزەی سەیدوڵشوهەدا لە ئوستانەکانی ورمێ، سنە و کرماشان دایە، کە ناوەندەکەی لە شاری ورمێیە و هاوکات قەرارگەیەکی دیکە بەناوی (زەفەر) لە ئوستانی کرماشان و ئیلام‌دا هەیەکە ناوەندەکەی لە کرماشانە.

\"18437.jpg\"

محەممەد تەقی ئوسانلوو فەرماندەی قەرارگەی هەمزەی سەیدەولشوهەدا

بە وتەی فەرازمەند؛ ئەم دوو بنکەیە لە بەشە تاکتیکی و عەمەلیاتییەکان پێکهاتوون، کە لە شارەکانی مەریوان، بانە، پیرانشار و روانسەر لقیان هەیە و لە دەرەوەی سنوورەکانیشدا چالاکییان هەیە و لە حاڵەتە تایبەتییەکاندا فەرماندەیی هێزە نیزامی و ئەمنییەکاندا بە ئەستۆ دەگرن.

شاهۆ فەرازمەند سەبارەت بە شاۆرای تەئمینیش گوتی؛ شۆرای تەئمین لە تەواوی شارەکاندا لە ژێر کپنترٶڵی فەرماندار و لە ئاستی ئوستانیشدابەشێوەی حەفتانە لەلایەن ئوستاندار، نوێنەری وەلیی فەقێ، بەرپرسی گشتیی ئیتلاعات، فەرماندەی سوپا و بەسیج کۆبوونەوە پێک دێنن و تیایدا فەرماندەی قەرارگای رەمەزان و سەیدولشوهەدا بەشدار دەبن.

\"18438.jpg\"

حەسەن کەرەمی فەرماندەی قەرارگەی رەمەزان

ناوبراو سەبارەت بە شوناسی مەئموورانی ئەمنییەتی لە ناوچە کوردنشینەکان باسی لەوە کرد؛ تێکڕای ئەو کەسانە بە ناو و موشەخەساتی ساختە و ناڕوونەوە لە کوردستاندا چالاکن و هەر دوو حەفتە جارێک لێپرسراوانی ئەمنییەتی بە بڵاوکردنەوەی بوڵتەنێکی ئەمنییەتی، کە پرسەکانی پەیوەندیدار بە هەرەشە ئەمنییەتی لە خۆ دەگرێت، لە نیوان پێرسونێلی ئیدارەکاندا بڵاو دەکاتەوە.

شاهۆ فەرازمەند لە کۆتاییدا باسی لە کێشەی کۆنی نێوان سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات کرد و گوتی؛ مەئموورانی ئیتلاعاتی، کەسانی نێو سوپا بە کەسانی بێ ئەزموون لە قەڵەم ئەدەن و خۆیان وەکوو کەسانی شارەزا لە پرسە ئەمنییەکان و کەسانی خوێندەوار و ئەکادمی (زانکۆی ئەمام باقر) دەناسێنن و ئەم کێشە و مشتوومڕانە لە هەڵوێست گرتنیاندا لەسەر پەرسە ئەمنییەکانلە کوردستاندا و راگوێزرانیان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکەدا بەرچاو دەکەوێت، کە ئەنجام و کاریگەریی ئەم هەڵوێست و مشتومڕانە لە سەرکوتی هاووڵاتییانی کوردا بەرچاو دەکەوێت.