بەرپرسی گشتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی "بەیان" لەلایەن ئیتلاعاتی سپای بۆکانەوە بانگهێشت کرا

11:23 - 31 خەرمانان 2720

 لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، "ئەمیر پیادە"، چالاکی مەدەنی و بەرپرسی گشتیی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی زمانی کوردیی "بەیان"، پێنج جار بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری بۆکان بانگهێشت کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە ئەو چالاکە مەدەنییەیان بانگهێشت کردووە و هەر جار بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێکردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "بانگهێشتکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە پێوەندیی بە چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگی و گەورەبوونەوەی ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی بەیانەوە هەیە".

لە ئێستادا فێرگەی بەیان  لە گەورەترین و بەربڵاوترین ناوەندە فەرهەنگییەکانە کە لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی لقە و لە بواری فێرکردنی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی، بە شێوازی خۆبەخشانە چالاکی دەکات.