بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ورمێ کوژرانی فریشتە ئەحمەدی خستە ئەستۆی بنەماڵەکەی

12:24 - 11 خەزەڵوەر 2722

ناسر عەتەباتی، بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ورمێ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا" هۆکاری کوژرانی "فریشتە ئەحمەدی" خستە ئەستۆی بنەماڵەکەی و ڕایگەیاند: "لە ماڵی خۆیەوە تەقەی لێ کراوە".

ئەو بەرپرسە قەزاییە هەروەها ڕایگەیاندووە: "فریشتە ئەحمەدی" لە ماڵەکەی خۆی تەقەی لێ کراوە و تەنانەت بنەماڵەکەی ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە".

لێدوانەکانی بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ورمێ لە حاڵێکدایە براکەی "فریشتە ئەحمەدی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باس لە کوژرانی خوشکەکەی دەکات و ئەو قسانەی ناسر عەتەباتی بە توندی ڕەت کردووەتەوە.

ئیبراهیم ئەحمەدی لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەڵێت: "خوشکەکەم لە سەربانی ماڵەکەی بووە و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران تەقەی لێ کراوە و شەهید بووە".

ئەو هاووڵاتییە هەروەها دەنگۆی سکاڵا تۆمارکردنی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە نە سکاڵامان کردووە و نە  لە کەسێکیش سکاڵا دەکەین".

 ئیبراهیم ئەحمەدی هەروەها قسەکانی ناسرعەتابەتی لەمەڕ تەقەکردن لە فریشتە، کە وتبووی هیچ جۆرە خۆپیشاندانێک  لەو شوێنە نەبووە، بەدرۆ خستووەتەوە و دەڵێت: "بەپێچەوانەی قسەکانی بەرپرسی دادگوستەری، لەو شوێنە خۆپیشاندانی بەرینی جەماوەری بووە و خوشکەکەم بە دستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراوە".

ئەو هاووڵاتییە هەروەها لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەڵێت: "چەند جار پەیوەندییان بە منەوە گرتووە کە بەدواداچوون بۆ کەیسی فریشتەی خوشکم بکەم، من لە هیچ کەسێک سکاڵام نییە، خوشکەکەم لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە شەهید کراوە".

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، ژنێک بە ناوی "فریشتە ئەحمەدی" تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی شاری سەردەشت و دانیشتووی شاری مەهاباد، لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی خەڵکدا، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان کوژرا.